بۆ یەکەمجارلە عێراق و هەرێمى کوردستان، بڕیاردراوە بە دروستکردنى بەردى بناغەى نەخۆشخانە و ناوەندێکى تایبەت بە تەرککردن و خاوێنبوونەوەى ئاڵوودەبووانى ماددەى هۆشبەر.
ئیبڕاهیم ئیدریس باپیر سه‌رۆكی بۆردی كۆمپانیای داڤینشی كه وهبەرهێنەری نه‌خۆشخانه‌كه‌یه باس له پڕۆژه‌كه و دروستكردنی و ورده‌كارییه‌كانی ده‌كات:
ـ ئێوە وەک بەرهەمهێنەرێکى کورد چۆن ئەم بیرۆکەیەتان خستە بەردەم حکوومەتى هەرێم؟
ئیبڕاهیم ئیدریس: ئێمە سه‌رقاڵی دروستکردنى پڕۆژەیەکین وەک ناوەند و نەخۆشخانهیهكی تایبه‌ت بە ئاڵووده‌بووانی مادده‌ی هۆشبه‌ر، هۆكاری سه‌ره‌كی دروستبوونی ئه‌م بیرۆكهیەش بۆ ئه‌و كاته ده‌گه‌ڕێته‌وه كه دوو لاوی خوار 20 ساڵم بینى کە به ده‌ست مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه ئاڵووده ببوون و هیلاكی كردبوون، له به‌رامبه‌ردا هیچ شوێنێك نه‌بوو چاره‌سه‌ریان بكات. بۆیه دركم به‌و ڕاستییه كرد كه له هه‌رێمی كوردستان و عێراق هیچ سه‌نته‌رێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاڵووده‌بووان به ماددەی هۆشبه‌ر نییه. بۆیە کەوتمە دیراسه‌کردنی بابەتەکە و به‌دواداچوونم كرد كه چ لایه‌نێك په‌یوه‌ندیداره بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به جێبه‌جێكردنی بیرۆكه‌ی پڕۆژەكه بكه‌ین. دوای به‌دواداچوونمان ده‌ركه‌وت له هه‌رێمی كودستان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری سه‌ره‌كی ئه‌م بابه‌ته‌یه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پرۆپۆزه‌لێكمان پێشكه‌ش کرد و به خۆشحاڵییه‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌رز كرایه‌وه و ئەوانیش ڕەزامەندییان دا و دواتر ڕەوانەى وه‌به‌رهێنان كراین.
له‌م هه‌نگاوه‌دا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی ئێمه‌ی كرد و له سه‌رۆكایه‌تی و وه‌زاره‌تی شاره‌وانییەوە به پانتایی ٢٠ هه‌زار مه‌تر زه‌وی پێویست بۆ پڕۆژەکە دابین كرا و ئیستا هه‌موو ڕێكاره‌كان ته‌واو بوون و بڕیاروایە بەمزووانە ده‌ست به دروستكردنی باڵه‌خانەکەى بکەین.
ـ ئایا ئاڵووده‌بووانی مادده هۆشبه‌ره‌كان هێندە زۆر بوونه کە بیر له پڕۆژەیه‌كی له‌م شێوه‌یه بکرێتەوە؟
ئیبڕاهیم ئیدریس: به بۆچوونی به‌نده ڕێژەكه له هه‌رێمی كوردستان له ئاستێكی به‌رزدا نییه، چونكه به گوێره‌ی داتا به‌رده‌سته‌كان سه‌ره‌ڕای بوونی كه‌سانی ئاڵووده‌بوو به‌و ماددانه، نه‌گه‌یشتووه‌ته ڕاده‌ی مه‌ترسی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پێویستە ئه‌و گه‌نج و كه‌سانه‌ی ئاڵووده بوونه و ئه‌و هه‌ڵه‌یان كردووه، شوێنێك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن.
ـ دەکرێت باسى وردەکارى پڕۆژەکەتان بکەن؟
ئیبڕاهیم ئیدریس: ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یە وه‌ك هه‌ر نه‌خۆشانه‌یه‌كی دیکە نییه، به‌ڵكو پێویستی بە چاودێرى و سه‌رپه‌رشتیی ڕاسته‌وخۆی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده و داد هەیە و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشیش لایه‌نێكی سه‌ره‌كی په‌یوه‌ندیدارە بەم پڕۆژەیه، چونكه وه‌ك دەزانرێت ئه‌و كه‌سه‌ی بە مادده‌ی هۆشبه‌ر ئاڵووده دەبێت، پێویستی به‌وه‌یه له كاتی سه‌ردانیكردنی نه‌خۆشخانه‌كه ماوه‌ی سێ مانگ یان چه‌ند مانگێك بمێنێته‌وه و سەردانى نه‌خۆشخانه‌که بكات، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته نهێنییه‌كانی پارێزراو بن، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر قوتابی بێت دەبێت خوێندنه‌كه‌ی ته‌واو بكات بۆیە پێویستى بە هۆڵی خوێندن و كتێبخانه و مه‌له‌وانگه و پێداویستییه‌كانی تری په‌روه‌رده‌یی دەبێت کە ئێمە فه‌راهه‌می دەکەین. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م ورده‌كارییانه زیاتر كاری پزیشک و پسپۆڕەكانە.
ـ پڕۆسەى چاکسازى و چارەسەرى ئاڵوودەبووان لە نەخۆشخانەکە چۆن دەبێت؟
ئیبڕاهیم ئیدریس: له ڕاستیدا چاره‌سه‌ركردنی ئاڵووده‌بووان چه‌ند به‌شێك و چه‌ند قۆناغێكه، بۆ نموونه له مانگی یه‌كه‌مدا چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تایی ده‌ست پێ ده‌كات، هه‌روه‌ها له ماوه‌ی سێ مانگدا تووشبوو ده‌توانێت به سوود وه‌رگرتن له چاره‌سه‌رییه‌كان جه‌سته‌ی خۆی له مادده‌ی هۆشبه‌ر پاك بكاته‌وه، هه‌روه‌ها تووشبووی تر هه‌یه كه پێویستی به چاره‌سه‌ری درێژخایه‌ن هه‌یه. ئێمه بۆ ئه‌م مەبه‌سته سه‌ره‌تا ده‌ست به قۆناغی یه‌كه‌م ده‌كه‌ین كه پێدانی چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تاییه، چونكه له قۆناغی دووه‌م پێویست به بوونی پانتاییه‌كی زۆری زه‌وی و شوێنێكی دوور ده‌كات. واته ئێمه زیاتر كار له‌سه‌ر ئه‌و تووشبووانه ده‌كه‌ین كه به‌كارهێنانی مادده‌كه‌یان له سه‌ره‌تایه یانیش ماوه‌یه‌كی كه‌مه ده‌ستیان پێ كردووه. سوپاس بۆ خوا كه له هه‌رێمی كوردستان حاڵه‌تی زۆر خراپی تووشبووانمان نییه، به‌ڵكو ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه هه‌یه به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری سه‌ردانی ئوردن و توركیا و وڵاتانی تر ده‌كه‌ن، بۆیه ئێمه له‌م سۆنگه‌یه‌وه به پێویستمان زانی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ش له هه‌رێمی كوردستان دروست بكه‌ین.
ـ ئاڵووده‌بووان له‌سه‌ر خه‌رجی خۆیان چاره‌سه‌ری وه‌رده‌گرن؟
ئیبڕاهیم ئیدریس: له‌باره‌ی ئه‌م پرسیاره دوو سێ بۆچوون هه‌یه، به گشتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پڕۆژەیه‌كی وه‌به‌رهێنانه، هه‌وڵ ده‌درێت ته‌نها لایه‌نه ماددییه‌كه مه‌به‌ست نه‌بێت، هاوكات ڕێكخراوی تری په‌یوه‌ندیدار پشتیوانی كه‌سانی تووشبوو ده‌كه‌ن، له لایه‌كی تره‌وه خودی خانه‌واده‌كان كه توانای داراییان هه‌یه پێیان خۆشه له ڕووی ماددیه‌وه هاوكار بن و به جۆرێك له جۆره‌كان خه‌رجی منداڵه‌كانیان بكه‌ن كه ئاڵووده بوونه. به دڵنیاییه‌وه حكوومه‌تیش پشتیوانی ئه‌م حاڵه‌تانه ده‌كات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.