مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوای كرد، هه‌مووان پێكه‌وه چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه بکەن كه له سنووره‌كانی نێوان بێلاڕووس و پۆڵه‌ندا گیریان خواردووه، نیگەرانیی خۆشی لە خراپی ره‌وشی ئه‌و كه‌سانه، به تایبه‌تی منداڵان دەربڕی.
له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ هەردوو رۆژنامه‌ی (Frankfurter Allgemeine Zeitung-FAZ) و (Die Welt)ی ئه‌ڵمانی له په‌راوێزی كاره‌كانی کۆڕبەندی (دایەلۆگی مه‌نامه2021) كه تایبه‌ت بوو به ئاسایشی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌وه دەکات کە حكوومه‌تی هه‌رێم پێشبینی درووستبوونی ئه‌و كێشه‌یه‌ی له سه‌ر سنووری بێلاڕووس و پۆڵه‌ندا نه‌كردووه، بەڵکو كێشه‌كه له‌پڕ دروست بووه، ئەویش كاتێك زانرا خه‌ڵكێكی زۆر له هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌ره‌و بێلاڕووس كۆچیان كردووه. ڕوونیشی کردەوە کە ئهوانەی كۆچیان كردووه ته‌نیا خەڵکی كه‌مده‌رامه‌ت نه‌بوون، به‌ڵكو به‌شێكیان ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و هه‌مووشیان ڤیزایان هه‌بووه و به شێوه‌یه‌كی یاسایی و ئاسایی له ڕێی فڕۆكه‌وه گه‌شتیان كردووه. به‌شێكیان چوونەتە ئیمارات و توركیا و لەوێوە گه‌شتیان كردووه و ڕاسته‌وخۆ لە هەرێمی کوردستانەوە ڕوویان له بێلاڕووس نه‌كردووه.
سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، ئه‌وروپاییه‌كان هه‌وڵێكی زۆریان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ڕێگریكردن له لێشاوی كۆچ بۆ وڵاته‌كانیان له سنووری بێلاڕووسه‌وه، هیواشی خواست هه‌وڵی هاوشێوه بده‌ن بۆ چاره‌سه‌ری هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و كێشه‌یه له مه‌ودای كورت و درێژدا.
گوتیشی: ئێمه پێویستمان به پشتیوانییه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تۆڕه تاوانكاره‌كان، ئەوانەی كه خه‌ڵكی ئێمه به نایاسایی و قاچاغ ده‌گوازنه‌وه بۆ ئه‌وروپا و فریویان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌و گه‌شته مه‌ترسیداره. ئەو تاوانکارانە تەنیا هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو وڵاتانی ئەوروپا مایەی هەڕەشە و مەترسین.
جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌و باند و تۆڕانه هه‌ڕه‌شه‌ی جددی و راسته‌قینه‌ن بۆ سه‌ر ئاسایشی ئه‌وروپا به گشتی.
سەرۆکی حکوومەت جه‌ختی له‌وەش کردەوە کە پێویسته ئەڵمانیا و وڵاتانی ئه‌وروپا بەگشتی كاری زیاتر بكەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، هه‌روه‌ها پێویسته پابه‌ندییه‌كانیان زیاتر بكه‌ن له‌باره‌ی هاوكاری و گه‌شه‌سه‌ندنی عێراق.
سەرۆکی حکوومەت ڕوونی کردەوە کە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و پێویستی به هاوكاریی دارایی نییه و سامانی پێویستی هه‌یه، به‌ڵام ئێمه پێویستییه‌كی زۆمان بەوە هەیە کە پشتیوانی له چاكسازییه پێویسته‌كان بکرێت لەپێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی.
رۆژنامه‌كانی ئەڵمانیا ئاماژه‌یان به‌وه كردووه کە مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به نیگه‌رانییه‌وه ده‌ڕوانێته ململانێ سیاسییه‌كانی به‌غدا و ئه‌و ڕه‌وشه‌ی دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیی ئۆكتۆبه‌ری 2021ی لە عێراق هاتووه‌ته ئاراوه.
سەرۆکی حکوومەت باسی لەو کێشە و گرفتانە کردووە کە دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ڕوو دەدەن و کاریگەرییەکی وێڕانکەرانەی بە سەر دۆخی عێراقدا دەبێت، چونکە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبێ بزانن كه له كاتی كشانه‌وه‌یاندا عێراق بۆ عێراقییه‌كان به‌جێناهێڵن، به‌ڵكو بۆ ئەو هێز و لایه‌نانەی به‌جێ ده‌هێڵن كه بەرژەوەندی و به‌های هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵیاندا نییه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.