زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پۆلەتەکنیکی سلێمانی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دەوامیان ڕاگرت.
لە ڕاگەیاندراوێکدا زانکۆکان ئەمڕۆ هەینی ڕایانگەیاند: پاش وەرگرتنى ڕەزامەندی ئەنجوومەنی زانکۆ و بەگفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی،هەروەها بەپێی دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی زانکۆکان بەپێی یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2008ـی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ماددەی 13 برگەی 1/ خاڵی 9، سەبارەت بەراگەیاندنی راگرتنی پرۆسەی خوێندن بەراوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی زانکۆکانیان، قوتابییانی ئازیز ئاگادار دەکەینەوە کە بڕیاردرا بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دەوام ڕابگیرێت.
هەروەها ڕایانگەیاند: لە ڕۆژی یەکشەممە 28/11/2021 تا ڕۆژی چوارشەممە 1/12/2021 دەوامی قوتابییان ڕادەگیرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە کە دەوامی زانکۆکە ڕاگیراوە بە مەبەستی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی قوتابییان و دابینکردنی پێداویستییە هەنوکەییەکانی بەشە ناوخۆییەکان.
ئەوە لە کاتێکدایە کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ڕۆژی 24/11/2021، بڕیاردرا بودجەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخان بکرێت، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابین کردنی خزمەتگوزارییەکان و ھاوکاری کردنی قوتابییان و خوێندکارانی کەم دەرامەت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.