نوێنهری حكوومهتی ههرێمی كوردستان له فهڕهنسا ڕایگەیاند، لە ئەگەری بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی گەلی کورد لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە پەرلەمانی فەڕەنسا، ئەوا حکوومەتی فەڕەنسا بە فەرمی داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان بکرێتەوە.
عەلی دۆلەمەری نوێنهری حكوومهتی ههرێمی كوردستان له فهڕهنسا لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لە دەنگوباسی کاتژمێر 8:00 ڕایگەیاند: بڕیارە کاتژمێر 01:00ـی ئەمشەو بەکاتی هەولێر،پهرلهمانی فهڕهنسا لهبارهی پرۆژە یاسایهكی تایبەت بە کۆمەڵکوژکرانی گەلی کورد لە ههرێمی کوردستان کۆببێتەوە و داوا دهکرێت دەنگ بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کورد لە ههرێمی کوردستان بدرێت.
هەروەها ڕایگەیاند: دوای هەڵبژاردنی 2017ـی فەڕەنسا گرووپێکی تایبەت بە دیراسەی کوردی لە پەرلەمان دروستکرا، بەسەرۆکایەتی جۆن کریستڤ کە سەرۆکی پارتی دیموکراتی فەڕەنسییە، وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین دیدار ئەنجام دراوە لەگەڵیان و هەماهەنگی و هاوکاری کراون، هەروەها سێ لە پەرلەمانتارانی ئەوان سەردانی هەرێمیان کردووە و شاندێکیش لە وەزارەتی کاروباری شەهید و ئەنفالکراوان سەردانی فەڕەنسای کرد.
ڕاشیگەیاند: لە دوای ئەوەی تێگەیشتن کە پڕۆژەکە پرسێکی گرینگە، بڕیاریاندا پڕۆژەیاسایەک ئامادە بکەن بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی کورد لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە و لەلایەن پەرلەمانی فەڕەنساوە دەنگی بۆ بدرێت.
هەروەها گوتی: ناساندنی پڕۆژەیاساکە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان بەگشتی، لە ئەگەری بەدەستهێنانی دەنگی تەواو بۆ بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی گەلی کورد لەلایەن ڕژێمەکانی عێراقەوە لە پەرلەمانی فەڕەنسا، ئەوا حکوومەتی فەڕەنسا بە فەرمی داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان بکرێتەوە.
نوێنهری حكوومهتی ههرێمی كوردستان له فهڕهنسا ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەیاساکە زۆر باش ئامادە کراوە، گشت بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکانی لەگەڵ هاوپێچ کراوە، هەروەها لەلایەن خەڵکانی ئەکادیمی و پسپۆڕ و شارەزا کاری لەسەر کراوە و سەرۆکی پارتی دیموکراتی فەڕەنسی خۆی کاری لەسەر کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.