سبەی دووشەممە شاندی دانووستانکاری ئێران لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی زلهێز لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا گفتوگۆ لەسەر زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ـی نێوانیان دەکەن.
ئێران و ئەمریکا شەش خولی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان مانگەکانی نیسان و حوزەیراندا بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لە نێوانیاندا بەڕێوەچوو، بەڵام دوای هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی نوێی ئێران گفتوگۆکان وەستێنران.
ڕۆژی چوارشەممە 03-11- 2021 عەلی باقری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئێنریکی مۆرا ڕێککەوتین لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی لابردنی سزا ستەمکار و نامرۆییەکان لە 29ی تشرینی دووەم لە ڤییەنا.
هەروەها نێد پڕایس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەمان ڕۆژ ڕایگەیاند: دەکرێت واشنتۆن خێرا لەگەڵ تاران بگاتە ڕێککەوتنێک ئەگەر ئێران لە دانوستاندنە دیپلۆماسییەکاندا جددی بێت.
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی (سی ئێن ئێن) ئەمریکا دڵنیانییە لەوەی کە حکوومەتی نوێی تاران چۆن مامەڵە لەگەڵ دانووستانەکان دەکات، بەهۆی ئەوەی ئێران ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئاستی پیتاندنی زیاتری یۆڕانیۆمی ڕاگەیاند.
جێی باسە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی زلهێز لە ساڵی 2015 کرا، لەساڵی 2018 دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە، بەهۆی ئەمەوە ئێران ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئەتۆمی بەرز کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.