Erbil 38°C شەممە 20 حوزەیران 22:30

مەسرور بارزانی بۆ سکای نیوز: من کوردم و شانازی بە کوردبوونی خۆمەوە دەکەم

کوردستان TV
100%

مەسرور بارزانی بۆ سکای نیوز ڕایگەیاند، من کوردم و شانازی بە کوردبوونی خۆمەوە دەکەم، لە وڵاتی عێراقدا دەژیم بەڵام لە کیانێکدا بەناوی هەرێمی کوردستان کە ئەوە واقیعە، پێویستە لەو چوارچێوەیەدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ باشتر بکەین. 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی کۆمەڵێک پرسی گرنگیان تاوتوێ کرد و لەسەرەتای چاوپێکەوتنەکەشدا لە وەڵامی پێشکەشکار سەبارەت بە دۆخی کوردستان و پێشکەوتنی ڕایگەیاند: هەموو ئیدارەیەک بۆ ماوەی چوار ساڵ کاردەکات لەسەر ئاراستەیەکی دیاریکراو، ئێمە دەمانویست ئاسایش و ئارامی بەرەوپێشببەین بەڵام چەندین گیروگرفت هاتە بەردەممان، بەڵام توانیمان خۆڕاگربین و چەندین پڕۆژەی گرینگ لەسەر ئاستی پێشکەوتوو پێشکەش بکەین، ئەویش لەڕێگەی ئەنجامدانی چاکسازییەوە بوو.

هەروەها ڕایگەیاند: ئێمە ناڵێین گەندەڵی نییە، بەڵام بەراورد بە ساڵانی پێشوو ئاستی گەندەڵی زۆر دابەزیووە، ئەویش لە ڕێگەی ئەنجامدانی چاکسازییەوە.

ڕاشیگەیاند: دۆخی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق زۆر باشتر و پێشکەوتووترە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی کۆچبەرانیش گوتی: لەگەڵ حکوومەتی عێراق و ئەڵمانیا گفتوگۆمان کردووە بۆ ئەوەی یارمەتی ئەو کۆچبەرانە بدرێت، پرسی کۆچبەران دوو دۆخی هەیە ئەوانیش پرسێکی مرۆیی و پرسێکی سیاسییە.

گوتیشی: کۆچبەرەکان بەهۆی هەژاری و گەندەڵییەوە کۆچیان نەکردووە، بەڵکو بەشێکی زۆریان هەزاران دۆلارییان داوە بۆ ئەوەی کۆچ بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان ئەو گرفتە سیاسی و ناکۆکییانەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی کۆچ بکەن، گوتیشی" بەڕاستی زۆر نیگەرانم لە دۆخی ئەوان و سەلامەتییان، هەروەها لەسەر هێڵم بۆ ئەوەی بیانگەڕێنینەوە، تا ئێستاش زیاتر لە 400 کەس گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان چاوەڕێین زیاتریان بگەڕێنینەوە.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن و تیرۆرکردنی مستەفا کازمی ڕایگەیاند: هیچ هۆکارێک نییە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، پرسی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات لەوەی باشتری بکات، ئێمە بینیمان هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیران درا، بۆیە پێویستە بزانین کێ تۆمەتبارە و هەوڵی تیرۆرکردنی داوە و ئێمە پاڵپشتی سەرۆکوەزیران دەکەین.

هەروەها ڕایگەیاند: ئێمە تا ئێستا هیچ کاندیدێکمان دەستنیشان نەکردووە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، پێویستە کورد و سوننە و شیعە لەسەر پشکی خۆیان گفتوگۆ بکەن ڕێبکەون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرۆک حکوومەت سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا زۆر باشە، وەکو دۆست و هاوپەیمان یارمەتیان داین لە ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەدام، هەروەها لە تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعشیش یارمەتییان داین.

ڕاشیگەیاند: ئێستا هێزەکانی عێراق بەتەنیا ناتوانن سەقامگیری عێراق بپارێزنن بۆیە پێمان وایە پێویستە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق بمێننەوە و یارمەتی پاراستنی سەقامگیری عێراق بدەن.

مەسرور بارزانی هەروەها گوتیشی: من ژیانی پێشمەرگەیەتی و ئاوارەیی و چیام بینیووە، لە چیا ژیاوم و پێشمەرگەیەتیم کردووە، شانازی پێوەدەکەم و زۆر شتی لێوە فێربووم، توانیوویەتی بمگەیەنێتە ئەو قۆناغە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و تورکیا ڕایگەیاند: پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران و تورکیا ئاساییە و سرووشتیە و هیچ گرفتێکمان نییە.

سەبارەت بە کۆنفڕاسەکەی لەسەر ئیسرائیل کە لە هەولێر ئەنجام درا ڕایگەیاند: بەبێ ئاگاداری حکوومەتی هەرێمی ئەنجام دراوە کە پێویست بوو پرسەکەی جیاوازبێت و لەسەر سەقامگیری عێراق ئەنجام بدرێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی کوردستان ڕایگەیاند: پەیوەندییمان لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان زۆر باشە و بەتایبەت یەکێتی، هەروەها لە سەردانەکەشم بۆ مەنامە وەزیرانی یەکێتی و گۆڕان لەگەڵم بوون.

سەبارەت بە پرسی پەنابەرانیش لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: سەقامگیری عێراق پەیوەندیدارە بە سەقامگیری هەرێمی کوردستانەوە، ئەگەر بارودۆخی عێراق باش بێت بارودۆخی هەرێمی کوردستانیش باش دەبێت، ئێمه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌شێكین له‌ عێراق به‌یه‌كه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگه‌كان ده‌بینه‌وه.

هەروەها گوتی: له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ ئاواره‌ ڕوومان تێده‌كه‌ن، هەرێمی کوردستان ئێستا زیاتر له‌ ملیۆنێکو 250 هه‌زار ئاوارە و پەنابەری له‌ خۆ گرتووه‌، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی زۆری بۆ درووست كردووین و به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ پشتیوانییه‌كی ئه‌وتۆ نه‌كراوین، هەروەها حكوومه‌تی به‌غداش هاوكاری نه‌كردووین.

ئاستەنگە ئابوورییەکان گرنگترین ئاستەنگین کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و عێراق بووەتەوە، ئەگەر ئەو ئاستەنگانە نەبن ئەوا کەس پەنا بۆ یاخیبوون و دەوڵەتی دیکەوە نابات. 

سەبارەت بە بابەتی داعش مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: داعش لە هەموو شوێنێکدان بەتایبەتی لە شوێنە ناکۆکەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەو شوێنانەی کە هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لێ نییە. گوتیشی ڕاستە داعش تێکشکان بەڵام بەشێک لەو تیرۆرستانەی لەگەڵیان بوون ماون. 

سەبارەت بە دۆخی عێراقیش مەسرور بارزانی گوتی: پێویستە ئێمە باس لەو پرسە هاوبەشانەی نێوانمان بکەین، پێویستە هەموو پێکهاتەکانی عێراق بۆ پڕشنگدارکردنی داهاتوویان کاربکەن، بۆ ئەمەش پێویستە دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. 

ڕاشیگەیاند: پێویستە ئەو دۆستانەی کە بە کردار دۆستی عێراقن و خۆیان بە دۆست دەزانن ڕێز لە سەروەری عێراق بگرن و دەستوەردان نەکەن و هیچ نەسەپێنن بەسەر عێراق.

سەرۆکی حکوومەت سەبارەت بە دزی و گەندەڵی لە عێراق گوتی: ئاشکرایە کە سامانی عێراق دەدزرێت و هەمووان دەیزانن، پێویستە دادگە ئەوە دیاری بکات و بڕیاری لەسەر بدات. 

لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە کوردبوون یان عێراقیبوون هەڵدەبژێرێت، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: من کوردم و شانازی بە کوردبوونی خۆمەوە دەکەم، لە وڵاتی عێراقدا دەژیم بەڵام لە کیانێکدا بەناوی هەرێمی کوردستان کە ئەوە واقیعە، پێویستە لەو چوارچێوەیەدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ باشتر بکەین. 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.