ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئه‌مڕۆ دووشەم ئەنجامی ڕاپۆرتی سەرەتایی لێکۆڵینەوەكانی هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی ئاشکرا کرد.
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند: لیژنەی لێکۆڵینەوەكان به هاوكاری چه‌ند کەسایەتییەكی گرینگی تایبه‌تمه‌ند له دەسەڵاتی دادوەری و به سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامییه‌تی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و چه‌ندان به‌رپرسی ئه‌منی به‌ڕێوه ده‌چێت.
ڕاشیگه‌یاند: لیژنه‌كه جه‌ختی كردۆته‌وه كه هێرشه‌كه‌ی سەر ماڵی سەرۆک وەزیران به دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە. جه‌ختیشی كرده‌وه كه له هێرشه‌كه‌دا دوو مووشه‌ك به‌كارهاتووه کە یەکێکیان لەسەربانی ماڵه‌كه‌ی مسته‌فا کازمی ته‌قیوه‌ته‌وه و ئەوی تریشیان كه‌وتۆته ناو حەوشه‌ی ماڵه‌كه‌یان.
قاسم ئەعرەجی گوتیشی: یەکێک لە مووشه‌كه‌كان تەقیوەتەوە، به‌ڵام ئەوی تریان نەتەقیوەتەوە، هه‌روه‌ها پارچه‌كانی ئه‌و فڕۆکەیان دەستکەوتووە کە خانووەکەی کردبووه ئامانج. جه‌ختیشی كرده‌وه كه هه‌ر له كاتی ڕووداوه‌كه دوو تیمی نه‌هێشتنی تەقەمەنی و بەڵگەی تاوان ڕەوانەی شوێنی تاوانەکە کراون و لێكۆڵینه‌وه‌كانیان كۆ كردۆته‌وه.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق گوتیشی: هێرشەکە بە دوو مووشه‌ك ئه‌نجامدراوه و ئامانجیش تێیدا ڕاستەوخۆ له‌ناوبردنی ژیانی سەرۆک وەزیران بووه، هه‌روه‌ها له ڕۆژی دوای ڕووداوه‌كه له‌سه‌ربانی ماڵه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران مووشه‌كی دووەم دۆزرابووه‌وه كه نه‌ته‌قیبووه‌وه.
گوتیشی: ڕاستییه‌كه‌ی تووشی شۆك بووین کە كاتێك دوو مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی نه‌هێشتنی ته‌قه‌مه‌نی و به‌ڵگه‌ی تاوان هه‌ڵسابوون به ته‌قینه‌وه‌ی یه‌كێك له مووشه‌كه‌كان به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی پەنجەمۆر وه‌ربگرن. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه به‌هۆی ئه‌م كاره‌یان ئه‌ندامانی هه‌ردوو مه‌فه‌رزه ده‌ستگیركراون و ڕه‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی ناوه‌خۆ كراوین و لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌گه‌ڵیان به‌دره‌وامه به‌هۆی وه‌رنه‌گرتنی به‌ڵگه‌ی په‌نجه‌مۆر و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانیان.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: لیژنەی لێکۆڵینەوەكان داوا لە هەموو کەسێک دەکات کە بەڵگەی لەسەر ڕووداوەکە هەبێت و بیگه‌یه‌نێت.
گوتیشی: لیژنەكه لێکۆڵینەوەكان بەبێ بوونی هیچ فشارێک كاره‌كانی خۆی ده‌كات و ئەرکی نیشتمانی جێبەجێ دەکات، لیژنه‌كه هه‌روه‌ها تا ئێستا هیچ کەس یان قەوارەیەکی تۆمەتبار نەکردووە و به‌دڵنیاییه‌وه لێکۆڵینەوەكانیش پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه سه‌رۆك وه‌زیران داوای له لیژنه‌كه كردووه به‌وپه‌ڕی بێلایه‌نی و پیشه‌ییانه كاره‌كانی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمان به‌ر له‌هه‌موو شتێك له‌به‌رچاو بگرن.
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق گوتیشی: لیژنەكه تا ئێستا داوای هاوكاری له هیچ لایه‌نێكی بیانی نه‌كردووه و ده‌شكرێت پرس و ڕاوێژ به وڵاتانی دۆست بكرێت بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و هه‌روه‌ها سوود وەرگرتن لەهەموو تواناكان.
له كۆتاییدا ئاشكرای كرد كه ئێستا چه‌ند سه‌ره‌داوێكی تاوانه‌كه‌یان ده‌ست كه‌وتووه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ڕاستییه‌كان، به‌ڵام ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی هێواش و زۆر به وردی كاره‌كان بكه‌ن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.