وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لە فرۆشتنی کارەبای هەرێم دەکەن، بڵاو دەکاتەوە و لە ڕاگەیانراوەکەدا ئەو دەنگۆیانە بە بێ بنەما ناودەبات.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لە چەند ڕۆژی رابردوودا لەسەر بانگهێشتی عادل كەریم وەزیری كارەبای عێراق كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێكی باڵای وەزارەت سەردانی شاری بەغدای كرد و لەگەڵ وەزیری كارەبا و بەرپرسانی ئەم وەزارەتە كۆبووەوە، کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و بەهێز کردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وەزارەت بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و گەیاندنی خزمەتگوزاریی كارەبا و جێبەجێكردنی پرۆژەكانی كارەبا لە ناوچەكانی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق بەڕێوەچوون.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: هەموو ئەو دەنگۆیانەش كە باس لە فرۆشتنی كارەبای هەرێمی کوردستان دەكەن، بێ بنەما و دوورن لە راستییەوە، هەروەها ئەو بڕە كارەبایە لە ڕێگەی وەبەرهێنەرەكانەوە بەهاونیشتمانییانمان لە كەركووک، دەشتی نەینەوا و دیالە دەدرێت و بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بەم وێستگانەی بەرهەمهێنانی كارەباوە نییە كە حكوومەتی هەرێم بۆ پێدانی كارەبا بە هاونیشتمانییان بەگەڕی خستوون.
ئاماژە بەوەش دەکات کە بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و حكوومەتی ناوەندی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی كوردستان و عێراق دایە، ئێمە لە وەزارەتی كارەبا لەسەر ئەم ستراتیژییە و بە شێوازی پرۆفیشناڵ كاری پیشەیی خۆمان بۆ خزمەت کردنی هاووڵاتییاندا دەكەین.
هەروەها لە ڕوونکردنەوەکەدا سوپاسی هاووڵاتییانی كوردستانیش دەكات و دەڵێت: سوپاسی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بە پشوودرێژی لەگەڵماندا بوون و پاڵپشتی و هاوكاریی بەردەوامی ئەوان زامنی سەركەوتنی ئێمە بۆ ڕووناکردنەوەی ماڵەكانی كوردستان و هەنگاونان بەرەو بەڕێوەبردنێكی باشتری کەرتی كارەبایە.
وەزارەتەکە تەوەری گفتوگۆی کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراق دەخاتەڕوو و نووسیوویەتی: باسکردنی ئەزموونی وەزارەتی كارەبا لە بوارەكانی بەرهەمهێنان، بەكارهێنانی گازی بەفیڕۆچووی كێڵگە نەوتییەكان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، هەنگاونان بەرەو وزە نوێبووەكان، جێبەجێكردنی ئەزموونی سەركەوتووی پێوەری زیرەک كە بووە هۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی بەفیڕۆدانی كارەبا و كەمكردنەوەی سەرپێچیەكان و جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی گرنگی كارەبا لە هەرێمی كوردستان لەسەر بوودجەی سیادی چەند بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەكان لەگەڵ بەرپرسانی کارەبای عێراق بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.