مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی سه‌ردانی گوندی خدرجیجه له بناری چیای قه‌ره‌چووغ له میحوه‌ری مه‌خموور كرد پاش ئه‌وه‌ی شه‌وی ڕابردوو چه‌كدارانی داعش هێرشییان كردبووه سه‌ر ئه‌م گونده و به‌هۆیه‌وه 13 هاووڵاتیی سڤیل و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان شه‌هید ببوون.
سه‌رۆكی حكوومه‌ت سه‌ردانی مه‌یدانی شوێنی ڕووداوه‌كه و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ماڵی حاجی ئیسماعیل كه 3 كوڕی له هێرشه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردوو شه‌هید ببوون كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له میحوه‌ری مه‌خموور كۆببووه‌وه.
مه‌سرور بارزانی له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: به‌داخه‌وه دوێنێ شه‌و تیرۆرستانی داعش له هێرشێكی وه‌حشییانه بۆ سه‌ر گوندی خدر جیجه چه‌ند هاووڵاتییه‌كیان شه‌هید كرد و دوای ئه‌وه‌ش پێشمه‌رگه بۆ به‌هاناوه‌چوون و كێوماڵكردنی ئه‌و ناوچه‌یه به‌سه‌ر بۆمبێكی چێنراوی داعشدا هاتوون و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كیش له‌وێ شه‌هیدبوون.
ڕاشیگه‌یاند: به‌داخه‌وه كۆی گشتی شه‌هیده‌كان 13 شه‌هیدن، من سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌زی ئه‌و شه‌هیدانه ده‌كه‌م و هیوادارم خوای گه‌وره سه‌بووری به بنه‌ماڵه سه‌ربه‌رزه‌كانیان بدات و شیفاش به برینداره‌كان ببه‌خشێ.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ده‌ستی ئه‌و دایه جه‌رگ سووتاوه ماچ ده‌كه‌م كه جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی به‌ناوی شێره‌ژن ناوی برد، جێی شانازی هه‌موومانه و هه‌موومان خۆمان به كوڕی ئه‌م دایكه ده‌زانین و سه‌ره‌خۆشی له هه‌موو دایكان و هه‌موو كه‌سوكاری شه‌هیده‌كانی تریش ده‌كه‌ین.
سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕاشیگه‌یاند: بێگومان ئه‌مه یه‌كه‌م و دوا هێرشی تیرۆرستان نابێت، به‌ڵام وره‌ی ئێمه هه‌ر به‌رزه و هه‌ر به‌رز ده‌مێنێته‌وه و پێشمه‌رگه‌ش ئاماده‌یه بۆ به‌رگریكردن له خاك و كه‌ڕامه‌تی وڵات و نه‌ته‌وه‌كه‌مان.
مه‌سرور بارزانی گوتی: ئه‌م هێرشانه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه ئه‌و فه‌ڕاغه ئه‌منییه‌ی له‌نێوان هیزه‌كانی به‌رگریی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی تری حكوومه‌تی فیدڕالی عێراق ماون ئه‌و فه‌ڕاغانه بوونه‌ته هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش بتوانن سوود وه‌ربگرن و له‌و شوێنانه‌وه هێرش بكه‌نه سه‌ر گوند و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، هه‌ر بۆیه دیسان دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه كه پێویسته چیتر كه‌مته‌رخه‌می له‌وه نه‌كرێت كه ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی پێویسته له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی تری حكوومه‌تی عێراق به‌رده‌وام بێت و هه‌نگاوه‌كان خێراتر بكرێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی كه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره هێرش و كاره‌ساتانه بگرین.
هه‌روه‌ها گوتی: من دڵنیام پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بن له‌وه‌ی به‌رگریی له هه‌موو خاكی كوردستان بكه‌ن و هیوادارم هێزه‌كانی عێراقیش توندتر بێنه پێشه‌وه و هه‌نگاوه‌كانیان بۆ ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه خێراتر بكه‌ن.
ڕاشیگه‌یاند: ئێمه ماوه‌یه‌كه داوای پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی پێشمه‌رگه‌مان كردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستاش ڕێگری له پڕچه‌ككردن و دابینكردنی ئه‌و هاوكارییانه ده‌كرێت كه بۆ پێشمه‌رگه پێویست و زه‌رووره بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی هێزه‌كانی تیرۆریستان ببنه‌وه.
ڕاشیگه‌یاند: دووباره داوا له هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و به‌ڕێز مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌م هاوكاربن بۆ دابینكردنی ئه‌و پێداویستییانه‌ی كه پێشمه‌رگه پێویستی پێی هه‌یه بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و پاراستنی ئه‌م سنوورانه.
ڕاشیگه‌یاند: له په‌یامه‌كه‌ی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانیش زۆر به ڕوونی دیاره ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان بێت ده‌یكه‌ین و ئه‌و كه‌مته‌رخه‌مییانه‌ی كه هه‌یه یان ئه‌و شوێنانه‌ی كه پێویسته توندتر بكرێن ئێمه هه‌نگاوه‌كانی خۆمان خێرا ده‌كه‌ین و چاوه‌ڕێی هیچ شتێكیش ناكه‌ین، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش ڕاده‌سپێرم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پێداویستییانه بۆ پێشمه‌رگه دابین بكه‌ن و وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ئێمه له خزمه‌تیان ده‌بین و هه‌رچی پێویسته بۆ به‌هیزكردنی ئه‌م سنوورانه درێغییان لێ ناكه‌ین و بۆیان ئاماده ده‌كه‌ین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.