Erbil 38°C شەممە 20 حوزەیران 02:26

مەسرور بارزانی سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگری هێزی پێشمەرگەی لە میحوەری مەخموور بەسەر کردەوە

کوردستان TV
100%

 

 ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەری مەخموور بە سەر کردەوە و لە گەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە کۆبووەوە و وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەکانی ڕاسپارد کە هەرچی پێویستە بکرێت بۆ بەرگریکردن لەو ناوچانە و پاراستنی خەڵکەکە لە هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش.

دواتر سەرۆکی حکوومەت لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، وێڕای سەرەخۆشیکردن لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەهێزتر بکرێت و هەنگاوەکانی خێراتر بکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرش و کارەساتانە بگرین.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتیکردەوە کە پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە هەموو خاکی کوردستان، گوتیشی هیوادارم هێزەکانی عێراقییش بە شێوەیەکی توندتر بێنە پێشەوە و هەنگاوەکانی هەماهەنگییەکەیان خێراتر بکەن.

 سەرۆکی حکومەت، ڕوونیشیکردەوە کە ماوەیەکە، داوایان کردووە پێداویستیيەکانی پێشمەرگە دابین بکرێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش ڕێگری لە پڕچەککردنی پێشمەرگە و دابینکردنی ئەو پێداویستیانە دەکرێت کە بۆ پێشمەرگە پێویستە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش ببنەوە، بۆیە جارێکی دیکە داوا لە هێزەکانی هاوپەیمانان و حکوومەتی فیدراڵی و سەرۆک وەزیران دەکەم، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی خۆیان و ئەو سنوورانە.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە ئەوەی لە دەستمان بێت دەیکەین، هەروەک لە پەیامی جەنابی سەرۆکیشدا بەڕوونی دیارە کە فەرمووی پێویستە سەردانی ئەو ناوچانە بکرێت و ئەو کەمتەرخەمیانەی هەیە یان ئەو شوێنانەی پێوستە توندتر بکرێن. ئێمە هەنگاوەکانی خۆمان خێرا دەکەین و چاوەڕێیی هیچ شتێک ناکەین. هەروەها گوتی: من وەزارەتی پێشمەرگەش ڕادەسپێرم بۆ ئەوەی هەموو پێداویستییەک بۆ پێشمەرگە دابین بکەن و وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەرچی پێویستە بۆ بەهێزکردنی ئەم سنوورانە درێغی ناکەین و بۆیان دابین دەکەین.  

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە تا ئێستا هەماهەنگیی وەک پێویست نەبووە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، هەرچەندە هەندێک هەنگاو هاوێژراوە بۆ دروستکردنی دوو لیوای هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی، بەڵام تاکو ئێستا وەکو پێویست هەنگاوی کرداری نەنراوە، بەڵام ئێمە چاوەڕێ ناکەین، چونکە سەلامەتی و پاراستنی خاک و نەتەوەی ئێمە، لە سەرووی هەموو شتێکە و ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.