Erbil 38°C شەممە 20 حوزەیران 02:28

گوتەبێژی کازمی: پێشمەرگە بەو کارە ترسنۆکانەی تیرۆرستانی داعش لاواز نابێت

کوردستان TV
100%

 

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، پێشمەرگە بەو کارە ترسنۆکانەی داعش لاواز نابێت، ئەوان هەمیشە بۆ خاک و نیشتیمان خوێنیان بەخشیووە و پاڵەوانی ئەم وڵاتەن.

لیوا یەحیا ڕەسوول گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق تایبەت بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: سەبارەت بەو هێرشە تیرۆرستی و ترسنۆکانەی شەوی ڕابردوو کەوا کرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و هاووڵاتییان، مستەفا کازمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە نزیکەوە چاودێری ئەم ڕەوشەی مەخموور دەکات.

هەروەها ڕایگەیاند: هێزەکانی پێشمەرگه که سەر بە ڕێکخستنەکانی بەرگری نیشتیمانی عێراقییه و هاوشان لەگەڵ هێزەکانی دیکەی عێراقی دژ به تیرۆرستان دەجەنگن، ئەم هێرشە تیرۆرستیە و ترسنۆکە به سانایی بەسەریاندا تێناپەڕێت، که دەبینین ئەم تیرۆرستانه ماوە ماوە هێرش دەکەنه سەر سەرجەم هێزەکانی عێراقی به هەموو پایەکانییەوە لەنێوانیاندا هێزەکانی پێشمەرگه و هاووڵاتیانی بێ تاوان، ئەم کردەوەیەش له بەهێزی هێزەکانی پێشمەرگه کەم ناکاتەوە، بەڵکو زیاتر سووریان دەکات له بەرەنگاربوونەوەیان.

ڕاشیگەیاند: پەنا بەخوا وەڵامێکی توندی ئەو تیرۆرستانه دەدەینەوە و ڕەحمەتیش بۆ شەهیدان دەنێرین و هیوای چاکبوونەوەی به پەلەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان تیڤی سەبارەت بە هەماهەنگی نێوان هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە و ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆن بۆ مۆڵگەکانی داعش لیوا یەحیا ڕەسوول گوتی: بەڵێ بێگومان من گوتم که هێزەکانی پێشمەرگه سەر به ڕێکخستنەکانی بەرگریی نیشتمانی عێراقییە  و چەندین بەرخودان و خوێنییان داوە و بەردەوامیشە له قوربانیدان، بۆیە هەماهەنگیمان باش و بەرزە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، ئۆپڕاسیۆنەکان بەردەوامن، لەو ماوەی داهاتووشدا بەردەوام دەبین له هێرشەکانماندا دژ به تیرۆرستانی داعش.

سەبارەت بە پرسی چڕىوونەوەی هێرشەکانی تیرۆرستانی داعش بۆ ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە ڕایگەیاند: ئەوە نوێبوونەوە نییە، ئێمه توانیمان بەسەر تیرۆرستانی داعش سەرکەوین، بەڵام تا ئێستا له هەندێک ناوچەدا پاشماوەی داعش ماون، تیرۆرستان لەو شوێنانه بوونیان هەیه که بەئاسانی ناتوانرێت بیانگەینێ، وەک ناوچە چیاکان لەوانه چیای قەرەچووغ، بۆیە لەو شوێنانەی کە هەن، ڕێژەیان زۆر نییه و زۆرجاران یەک دوو یاخود هەندێک جار چوار کەس دەبن.

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێستا هەمەهانگیمان هەیه لەلایەن هێزە چەکدارە عێراقییەکان به تایبەت لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگه، ئێمه پێمانوایه قۆناغی داهاتوو پێویستمان به یەکڕیزی و مامەڵەی توانایی هەیه، ئامانجیش ئەوەیه لێدانی بەهێز و کاریگەر لەو گرووپە تیرۆرستیانه بدەین، وەک ئەوەی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی پێکرد ئێمه دەستە وەستان بەرانبەر بەو کردەوانەی تیرۆرستان ناوەستین و تۆڵەی هێزەکانی پێشمەرگه و هاووڵاتیانی مەدەنی لێیان دەکەینەوە.

ئا. فەرمان عەلی

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.