وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە بۆ ماوەی یەک خولەک ڕادەوەستین بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان، هەروەها قوتابخانەیەکیش بەناوی شەهید بارزان دەکرێت.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند: هەموو لایەک ئاگادارن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو چەند ناوچەیەکی کوردستان ڕوبەرووی پەلاماری تیرۆریستان بووەوە،"ڕۆحی شەهیدانمان ئاسوودە بێت"، ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین.
هەروەها ڕایگەیاند: لە نێو شەهیدانی ئەمجارەی پەلاماری تیرۆریستان، قوتابییەک بەناوی (بـارزان ئیسماعیل) کە تەمەنی (دە) ساڵ بوو لە پۆلی چوارەمی بنەڕەتی لە (قوتابخانەی خدر جیجە) لەکاتی یارمەتیدانی براکانی بۆ تێکشاندنی دوژمنان و تیرۆریستان شەهید دەبێت، (شەهید بارزان)ـی قوتابی، خۆی بووە قوتابخانەیەک بۆ فێربوون و سوود وەرگرتن لە وانەکانی بەرگریی و ئیرادە و خۆشەویستی نیشتمان.
وەزارەتی پەروەردە ڕاشیگەیاند: بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی ئەو پێشمەرگە و هاووڵاتییانەی کە شەهیدبوون لە سنووری گەرمیان و قەرەچووغ و شەهیدی قوتابی (بـارزان) سبەی یەکشەممە ڕێککەوتی پێش وانەی یەکەم لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی خولەکێک ڕادەوەستین وەک ڕێزلێنان لەگیانی پاکی شەهیدانمان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێریش ڕادەسپێرین کە یەکێک لە قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی مەخموور بکەن بەناوی قوتابخانەی شەهید( بـارزان ئیسماعیل).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.