Erbil 38°C دووشەممە 18 تشرینی دووەم 03:27

پاپای فاتیکان داوا ده‌کات بابه‌تی کۆچبه‌ران تێکه‌ڵ به‌ سیاسه‌ت نه‌کرێ

کوردستان TV
100%


پاپا فڕه‌نسیس پاپای فاتیكان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له‌سه‌ردانێكی فه‌رمیدا بۆ دوورگه‌ی (لیسبۆس)ی یۆنانی داوای له‌ وڵاتانی جیهان كرد پرسی كۆچبه‌ران تێكه‌ڵ به‌ بابه‌تی سیاسی نه‌كه‌ن.

پاپا پێش ئه‌وه‌ی بچێته‌ سه‌ر ته‌خته‌ و قسه‌ و لێدوانه‌كانی ده‌ست پێ بكات، سه‌ردانی كه‌مپێكی كۆچبه‌رانی كرد و له‌وێ چاوی به‌ ژماره‌یه‌كی زۆری كۆچبه‌ر كه‌وت له‌نێویشیاندا منداڵێكی بچووكی ئه‌فریقی بوو و گفتوگۆیه‌كی كورتیشی له‌گه‌ڵی ئه‌نجام دا.

ئه‌مه‌ دووه‌م سه‌ردانی پاپا فڕه‌نسیسه‌ بۆ دوورگه‌ی لیسبۆس، له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ به‌داخه‌وه‌ دۆخی كۆچبه‌ران له‌ كه‌مپه‌كه‌ هیچ نه‌گۆڕاوه‌ و هه‌روه‌كو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێنج ساڵ به‌ر له‌ ئێستا سه‌ردانی كردبوو.

پاپا له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی وتاره‌كه‌ی ڕایگه‌یاند كه‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست بووه‌ته‌ شوێنی ژێر ئاو كه‌وتنی هه‌زاران كۆچبه‌ری باكوری ئه‌فریقیا كه‌ خه‌ونی گه‌یشتنیان بۆ‌ ئه‌وروپا هه‌بوو. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ تا ئێستا لاشه‌ و گۆڕیشیان دیار نییه‌.

پاپا له‌به‌رده‌م ژماره‌یه‌كی زۆر كۆچبه‌ر ڕایگه‌یاند: من لێره‌م بۆ ئه‌وه‌ی ڕووخسارتان ببینم و سه‌یری چاوه‌كانتان بكه‌م، ئه‌و چاوانه‌ی كه‌ پڕن له‌ ترس و چاوه‌ڕوانی، ئه‌و چاوانه‌ی كه‌ چه‌ندان توندوتیژی و برسیتیان بینیوه‌، ئه‌و چاوانه‌ی فرمێسكی زۆریان ڕشتووه‌.

ڕه‌خنه‌ی توندیشی له‌ وڵاتان گرت كه‌ پرسی كۆچبه‌ران تێكه‌ڵ به‌ كاری سیاسی ده‌كه‌ن.

ڕاشیگه‌یاند: ئاسانه‌ ڕای گشتی جیهانی به‌ ترسی كه‌سانی تر ڕابكێشی، ئه‌وانه‌ی كۆچبه‌ران ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ شه‌رم ده‌كه‌ن به‌هه‌مان گڕوتین باسی قۆستنه‌وه‌ی هه‌ژاری و جه‌نگ و دروستكردنی چه‌ك بكه‌ن.

ڕاشیگه‌یاند: پێویسته‌ وڵاتان ڕووبه‌ڕووی هۆكار و بابه‌تی تر ببنه‌وه‌ نه‌ك هه‌ژاران و ئه‌وانه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆره‌ سزا ده‌درێن و ته‌نانه‌ت بۆ كاری سیاسی به‌كارده‌هێنرێن.

پاپا نه‌شی شارده‌وه‌ كه‌ دڵگرانه‌ به‌وه‌ی گوێی له‌ هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌وروپا ده‌بێت كه‌ به‌ هاوبه‌شی پاره‌ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیوار و تێلبه‌ند له‌ سنووره‌كان دروست بكه‌ن تا كۆچبه‌ران له‌خۆیان دوور بخه‌نه‌وه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ "ئێمه‌ ئێستا له‌ سه‌رده‌می دیوار و تێلبه‌نددا ده‌ژین".

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.