Erbil 38°C ھەینی 19 حوزەیران 14:49

رۆبینا تیاری: به‌ بڕیاری مه‌سرور بارزانی کێشەی زەوی وزاری مەسیحییەکان چاره‌سه‌ر دەکرێت

کوردستان TV
100%


 نوێنەرێکی مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، داواکاریی مەسیحییەکان گەیشتووەتە لیژنەکانی چارەکردنی کێشەی زەویوزاری مەسیحییەکان لە ھەرێمی کوردستان و بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش، ئەو کێشانە لە رێگەی دادگاوە چارە دەکرێن.
رۆبینا تیاری، نوێنەری مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی  راگه‌یاند: چارەکردنی کێشەی زەوی وزاری مەسیحییەکان دەستی پێکردووە، کە ئەمە کێشەیەکی کۆنە و لە ئێستادا لیژنەی لاوەکی لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان لە پارێزگاکاندا دروست بوون و پارێزگارەکان سەرپەرشتی دەکەن، کە داواکاریی خەڵک وەردەگیرێت و لە قەزاکانیش قایمقامەکان و لە پایتەختیش وەزیرەکان بەو کارە ھەڵدەستن، تا ئێستاش بەردەوامن لە وەرگرتنی داواکاریی خەڵک، بۆیە بەشێکی چارەسەر کراون و بەشێکیشی ماون چارە بکرێن.
رۆبینا تیاری، نوێنەری مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ده‌شڵێت: لە ھەر شوێنێک کێشەی زەویوزار و زێدەڕۆیی ھەبێت، خەڵک دەتوانێ داواکاری پێشکەش بکات، بۆیە داواکاریی خەڵک وەرگیراوە و دەست بە چارەسەر کردن دەکرێت، چونکە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوورە لەسەر چارەکردنی ئەو کێشانە و کێشەکانیش قابیلی چارەسەرکردنن و لە رێگەی دادگاشەوە چارە دەکرێن، بۆ ئەوەی بە شێوەی یاسایی کێشەکان یەکلا بکرێنەوە.
ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات: پێشتر دەستکاریی زەوییەکان کراوە و لە ئێستاشدا کار بۆ چارەکردنی کێشەکە دەکرێت، چونکە ئەو کێشانە زۆرن لە ھەرێمی کوردستان و زیاتریش لە پارێزگای دھۆکن.
هه‌روه‌ها رۆبینا تیاری، نوێنەری مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان راشیده‌گه‌ێنێت: ئەو لیژنانەی دروست کراون، یەکێک لەوانە لیژنەیەکی باڵایە لە حکوومەت دروست کراوە، کە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بووە و ھەمیشە پاڵپشت و ھاوکاری پێکھاتەکان بووە، کە لیژنەکە لە شەش وەزیر پێک ھاتوون، بۆ ئەوەی کێشەی زەویوزاری مەسیحییەکان چارەسەر بکرێت، بۆیە چارەکردنی کێشەکان دەستی پێکردووە و بەپێی یاسا یەکلا دەبنەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.