Erbil 38°C چوارشەممە 17 حوزەیران 06:19

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی ته‌قه‌دوم کۆبووه‌وه‌

کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی ته‌قه‌دوم، جه‌ختیان له‌ ڕۆڵ و ئاماده‌یی و پێگه‌ی هه‌ردوو پێكهاته‌ی كورد و سوننه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عیراقدا وه‌ك دوو هاوبه‌شی سه‌ره‌كی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی شیعه‌ و پێكهاته‌كانی دیكه‌دا‌، هه‌روه‌ها له‌ گرنگیی هاریكاری و لێكگه‌یشتنی هاوبه‌شی نێوان هێز و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان كرده‌وه‌ بۆ هه‌نگاونانی پێویست له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا و دامه‌زراندنی حكوومه‌تێك كه‌ كۆكه‌ره‌وه‌ی لایه‌ن و پێكهاته‌ عیراقییه‌كان و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواست و داوكاریی هاووڵاتیان بێت له‌ دابینكردنی ئارامی و سه‌قامگیری و خزمه‌تگوزاری و ژیانێكی باشتر.
له‌ دیداری نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسی، سه‌رۆكی هاوپه‌یماینی ته‌قه‌دومدا كه‌ نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/12/7 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، هه‌روه‌ها باسیان له‌ دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕی تیرۆر و هێرش و په‌لاماره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی داعش كرد به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌كانی بۆشاییی ئه‌منی له‌نێوان سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌دا كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك شه‌هیدی له‌ ڕیزه‌كانی سوپا و پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتیاندا لێكه‌وته‌وه‌.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگی و پێویستیی كاراكردنی زیاتر و خێرای میكانیزمی هه‌ماهه‌نگیی نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وی تیرۆرستان و تێكشكاندیان، هه‌روه‌ها ڕاسته‌ڕێبوونی پرۆسه‌ی سیاسی و ئارامی و سه‌قامگیریی سیاسییان له‌ وڵات، به‌ پێویستییه‌كی له‌پێشینه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆردا له‌ قه‌ڵه‌م دا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.