ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/12/8 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتارێكی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستاندا پێشكەش كرد كە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.
لە وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی تیشكی خستە دۆخی دەسەڵاتی دادوەری و كێشە و تەحەدییەكانی بەردەمی، هەروەها جەختی لە گرنگیی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری و سەروەریی یاسا كردەوە و بە بنەمای دامەزراندنی سیستمی دیموكراسی و كۆمەڵگەی پێشكەوتووی لە قەڵەم دا.
بەڕێزیان دووپاتی كردەوە كە دەبێ دەسەڵاتی دادوەری بە تەواوی لە كاریگەری و هەژموونی سیاسی دوور بێت و خۆی بەرگری لە خۆی بكات، دەسەڵاتەكانی دیكە و هەموو لایەنەكانیش دەبێ ڕێز لە سەربەخۆییی دادوەری و سەروەیی یاسا بگرن و یاسا لە سەرووی هەمووانەوە بێت تا هاووڵاتی متمانەی بە دادوەری و یاسا هەبێت.
ئەمە دەقی وتارەكەیە:
ڕۆژتان باش..
بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان،
دادوەران و ئاماده‌بووانی بەڕێز،
ڕۆژتان باش، بە خێر بێن..
سەرەتا دەمەوێ پیرۆزبایی لە بەڕێز دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، بۆ سوێندخواردنی وەک سەرۆکی دادگای پێداچوونه‌وه و سه‌رۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بکەم، هیوای سەرکەوتن بۆ به‌ڕێزیان و بۆ هه‌موولایەكتان دەخوازم، سەركەوتوو بن.
بەڕێزان..
بنەمای سه‌ره‌كیی هەر وڵات و سیستەمێکی دیموکراسی و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو كه تیایدا هاووڵاتی متمانه‌ی به ئێستا و داهاتووی خۆی هه‌بێت و لێیان دڵنیا بێت، بریتییە لە جیاکردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری. هەریەك لەوانە پێگەی سەربەخۆ و بەرپرسیاریه‌تیی جیای خۆیان هەیە.
ئامانجمان ئەوەیە ئەم دەسەڵاتانە له هه‌رێمی كوردستان بە شێوەیه‌ک جیا بکرێنەوە و پەیوەندییان بە جۆرێک ڕێک بخرێت کە هیچ کامیان هەژموون نەکاتە سەر ئەوەی دیکەیان و دەست نەخاتە كاروباری ناوخۆی یەكتر. ئەمە بۆ ئێمە گرنگترین هەنگاوی بەدامەزراوەییکردنی ئەزموونی حوكمڕانیی هەرێمی کوردستان و بنیاتنانی دیموكراسی و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و پێشكه‌وتووە.
سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری دوو ڕەهەندی هەیە:
یەکەم، سەربەخۆییی دادوەران.
دووەم، سەربەخۆییی دامەزراوەی دادوەری.
سەربەخۆییی دادوەران: واتە دادوه‌ر بێلایەن و ئازاد بێت لە کاتی بڕیارداندا، بۆ ئەمەش دەبێ سه‌ربه‌خۆیی و ئاسایشی دارایی هەبێت. پارێزراو بێت لە هەر سەرچاوەیەکی کارتێکردنی نەشیاو. دوور بێت لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک، هەڕەشەیەک، بێزارکردنێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەخۆی چ حکوومەت بێت، یان كەسایەتیی سیاسی بن، یان دەسەڵاتداران بن، خزم و کەس بن، یان لایەنی بەرژەوەندیدار بێت.
سەربەخۆییی دامەزراوەی دادوەری: بەو مانایەی ئەنجومەنی دادوەری وەک دامەزراوە سەربەخۆ بێت و لەژێر هەژموونی هیچ یەك لە دامەزراوەکانی حکوومەت یان پەرلەماندا نەبێت. به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ژێر كاریگه‌ریی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا نه‌بێت و نه‌بێته ئامرازی ده‌ستی سیاسه‌ت. پەیوەندیی دامەزراوەیی لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاساداناندا هه‌بێت.
ئه‌ركی ئەنجومەنی دادوەرییه كه دادوەران لە سەرچاوە نەشیاوەکانی کارتێکردن بپارێزێت. ئەوە ئەو كاتە دەبێت كه دڵنیایی بدات لەوەی بڕیاری دادوەران بێلایه‌ن و دروستە و ته‌نیا لەسەر بنەمای یاسایه ئەو بڕیارانەی كە دەدرێن. بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتی لەکاتی دادگایی‌کردنیدا دڵنیا بێت له‌وه‌ی دادپەروەرانە مامەڵە و دادوه‌ری لەگەڵدا دەكرێت. بە چاکی گوێی لێگیراوە و داواکانی بیستراون. هاووڵاتی ده‌بێ متمانەی هەبیت به‌وه‌ی دادوەر لە هەموو فشارێکی دەرەکی بە دووره و تەنها بە ویژدان و پابه‌ندیی خۆی بە یاساوە، پەیوەسته. هاووڵاتی كاتێك پابه‌ندی دادوه‌ری و یاسا ده‌بێت كه دڵنیا بێت، ئازاد و سه‌ربه‌خۆن.
به‌ڵام به‌ڕێزان،
ـ ئایا واقعی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان ئاوایه؟
ـ ئایا سه‌ربه‌خۆیه و له‌ژێر هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و هیچ كاریگهرییهكدا نییه؟
ـ ئایا هاووڵاتی به ته‌واوی بڕوا و متمانه‌ی به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌یه؟
ـ ئایا ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادوه‌رانی به‌ڕێز وه‌ك پێویست ده‌سه‌ڵاتی یاسایی‌ی خۆیان به‌كار هێناوه بۆ پاراستنی سه‌ربه‌خۆییی خۆیان كه به یاسا ئەم سەربەخۆیییە پارێزراوه؟
بێگومان، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه قسه‌ی زۆر و بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ی جیا هه‌ڵده‌گرن. به دڵنیایییه‌وه وه‌ك هه‌موو كایه و بواره‌كانی دیكه، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش زۆر جار كراوه و ده‌كرێته بابه‌تی ناكۆكی و پرۆپاگه‌نده و شه‌ڕی سیاسی و میدیایی لە هەرێمی كوردستاندا. هه‌وڵ ده‌درێت تانه له پاكی و سه‌ربه‌خۆیی و پیشه‌ییبوونی بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی هاووڵاتی به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دادگا لاواز بكرێت.
به‌ڵام وه‌ڵامی ئه‌مه، دادوه‌رییه‌كی دروست و یاساپارێزی و سه‌ربه‌خۆییی دادگایه. هه‌رچی سه‌رنج و تێبینییه‌كیش هه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری یه‌كێك له بنه‌ما پته‌و و سه‌ره‌كییه‌كانی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه. ئاماده‌یی و ڕۆڵ و پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه و خزمه‌تێكی زۆر ده‌كات. ڕۆڵی گه‌وره‌ی له دامه‌زراندنی بنیاتی یاسایی‌ی هه‌رێمی كوردستاندا گێڕاوه و دەگێڕێت.
كه‌چی به‌ڕێزان،
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، وه‌ك هه‌موو بوارەكانی دیكە، ناڵێین ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان ته‌واوه و هیچ كێشه‌یه‌كی نییه! هه‌ندێ ڕاستی هه‌یه ده‌بێ زۆر به جورئه‌ته‌وه دانی پێدا بنێین. ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كێشه و ته‌حه‌دای جددی له‌به‌رده‌مدایه و ده‌بێ چاره‌سه‌ر بكرێن! كه‌م و زۆر هه‌وڵی ده‌ستێوه‌ردان و هه‌ژموون و كاریگه‌ریی سیاسی به‌سه‌ر هه‌ندێ لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا هه‌یه و ده‌بێ ڕێی لێ بگیرێت!
پرسیار ئه‌وه‌یه، چۆن ڕووبه‌ڕووی ته‌حه‌دییه‌كان ببینه‌وه؟ چۆن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و هه‌موو جۆره ده‌ستێوه‌ردان و هه‌ژموون و كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ڕابگرین؟
به بڕوای من به‌رله هه‌موو شتێك ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، خۆی داكۆكی له ده‌سه‌ڵاتی خۆی بكات كه به یاسا پارێزراوه! ده‌بێ خۆی ئیراده‌ی جددیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌ی ته‌حه‌دییه‌كانی هه‌بێت. پارێزه‌ری ده‌سه‌ڵاتی خۆی بێت و بێ ترس و به جورئه‌ته‌وه، به‌رگری لە دەسەڵاتەكانی خۆی بكات كە یاسا پێیداوە. ڕێگه نه‌دات و بە هیچ شێوەیەكیش قبووڵی نه‌كات هیچ ده‌سه‌ڵات و هیچ كه‌سێك و هیچ هێزێك و هیچ لایه‌نێك، به هه‌ر به‌هانه‌یه‌كه‌وه بێت، ده‌ست بخاته ناو كاروباریانەوە! نه‌چێته ژێر باری هیچ هه‌ڕه‌شه و پاڵه‌په‌ستۆ و كاریگه‌ری و داواكارییه‌كی نایاسایییهوه، جا له هه‌ر پێگه‌یەك و لە هەر شوێنێك و له هه‌ر كێوه بێت!
بێگومان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و یاسادانان و هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی دیكه‌ی سیاسی، حزبی، سه‌ربازی، كارگێڕی و ته‌نانه‌ت دارایی‌ش، ڕێز له ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بگرن و به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستێوه‌ردان له دادوه‌ریدا نه‌كه‌ن.
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی مه‌زنی له‌سه‌ر شانه. ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادوه‌رانی به‌ڕێز، ده‌بێ له ئاستی ئه‌و بهپرسیاریهتییهدا بن. بچنه ژێر باری ئه‌و ئه‌ركه قورسه و ویژدانیان به‌رامبه‌ر خۆیان و بەرامبەر بە خوای خۆیان و بەرامبەر بە خه‌ڵكی كوردستان، ئاسووده بكه‌ن.
دادوه‌ر ئه‌گه‌ر خۆی ئاماده نه‌بێت پارێزگاری و به‌رگری له سه‌ربه‌خۆیی و ده‌سه‌ڵاته‌كانی بكات، ئه‌گه‌ر هه‌ژموون و كاریگه‌ری و پاڵه‌په‌ستۆ و هه‌ڕه‌شه ڕه‌تنه‌كاته‌وه و بێباكانه به‌رامبه‌ریان نه‌وه‌ستێت، له‌به‌رده‌م خوا و لەبەردەم خه‌ڵكدا به‌رپرسیار ده‌بێت.
دادوه‌ری، به‌ردی بناغه‌ی متمانه و بڕوا و دڵنیاییی هاووڵاتییانە. دادوه‌رییه‌كی پته‌و و تۆكمه، پارێزه‌ری یه‌كه‌می كۆمه‌ڵگه و سه‌لامه‌تیی سیستمی سیاسی و حوكمڕانی و كارگێڕی و ئابوورییە لە هەر وڵاتێك لە جیهاندا. پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان پێشکەوتنی ئابووری و پاراستنی سامان لەگەڵ سەرەوەریی یاسادا لە وڵاتان هه‌یه.
نەبوونی سەروەریی یاسا، وەبەرهێنان سست دەکات، ئەمەش ئابووری لاوازی دەكات. به‌ڵام هەبوونی سەروەریی یاسا هانی وەربەرهێنان دەدات کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی ئابووری لە هەر وڵاتێك هەیە. ئەمە بەتایبەتی بۆ وڵاتانی وه‌ك هەرێمی کوردستان ڕاسته، كه بەرەوە پێشکەوتنی ئابووری و دیموکراسی لە گوزەردایە. بۆیە لە هه‌رێمی كوردستان سەروەریی یاسا دووجار پێویستییە، جارێک بۆ ئەوەی هاوکارمان بێت لە پێشکەوتنی ئابووری لە هەرێمی كوردستان، جارێکیشیان بۆ ئەوەی هاوکارمان بێت لە چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو.
به‌ڕێزان،
ئامانجی ئێمه ئەوەیە سیستەمێکی دیموکراسی بنیات بنێین کە لەگەڵ هاووڵاتیاندا بە نەرمونیانی مامەڵە بکات، بەڵام سیستەمێکی دیموکراسی تەنها کاتێک دەتوانێ بێتە ئاراوە کە یاسا سەروەر بکات. سەروەریی یاساش تەنها کاتێک دەستەبەر دەبێت کە سێ دەسەڵاتەکەی یاسادانان، جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری لە یەكتر بە تەواوەتی جیا بكرێنەوە. واته بەبێ ناساندن و سەربەخۆیی و بەهێزبوونی دەسەڵاتی دادوەری، مەحاڵە سیستەمێکی دیموکراسی لە هیچ وڵاتێك دروست ببێت!
کولتووریش وەک بناغەی سەروەریی یاسا وایە. ئەوەی پەیوەستە بە کولتوورەوە، پەرەوەردەیە کە ڕۆڵێکی زۆری هەیە لە برەودان بە سەروەریی یاسا. لە ڕێی پەروەردە و فێرکردنەوە، دەتوانرێ کارێک بکرێت کە کو‌لتوور ببێتە پاڵپشتێکی بەهێز و یەکێک لە پێکهێنەرەکانی سەروەریی یاسا بێت.
بە ڕای من ئەمەش بە دوو ڕێگە دەبێ:
یەک: هاندانی هاووڵاتیان بە شێوەیەک کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەها و ڕێز بۆ بنەماکانی سەروەریی یاسا دابنێن.
دوو: هاووڵاتیان هۆشیار بکرێن بە دەرنجامە باشەکانی سەروەریی یاسا و ڕابهێنرێن لەسەر پابەندییان بە یاساکانەوە.
چاوەڕوانیی ئێوە لە هاووڵاتیان ئەوەیە کە پابه‌ندی یاسا بن، جا ئەگەر پێیان خۆش بێت، یان پێیان ناخۆش بێت! هەمیشە ئەوەتان بەبیر بێت هاووڵاتی تەنها کاتێک دەتوانێ ڕێز لە یاسا بگرێت کە ببینێت یاسا لە سەروو سیاسەتەوەیە و توانای ئه‌وه‌ی هەیە سنوور بۆ دەسەڵات دابنێت. تەنها ئەوکات یاسا ئەو متمانەیە لای هاووڵاتی دروست دەکات کە دەتوانێ بیپارێزێت. بۆیە، چاوەڕوانیی هاوڵاتیان لە ئێوە ئەوەیە كە یاسا بۆ هەمووان و بۆ هەموولایەك وەک یەک جێبەجێ بکەن.
هیوادارم لە ئاست چاوەڕوانیی ئەو سوێندە بن. هیوادارم لە ئاست چاوەڕوانیی ئەوەدا بن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتیان، دەسەڵاتی دادوەری دەبێ سەربەخۆ بێت لە هەڵسەنگاندنی بەڵگە و لە کارپێکردنی یاسا و لە بڕیاردان لەسه‌ر دەرەنجامی دۆسیاکان، بێ ئەوی گوێ بەوە بدرێت ئاخۆ کێ دڵخۆش و کێ دڵخۆش نابێت!
پێویستە ئەرکی بەسەروەرکردنی یاسا بەجێ بگەیەنێت و دادپەروەرانە و بێلایەنانە بڕیار لەسه‌ر دۆسیاکان بدات. تەنها ئەو کاتەیە كە هاووڵاتیان دەتوانن متمانە بە پاکیی پرۆسەکە و بە دروستیی دەرەنجامەکەی بكه‌ن. کەواتە، چاوەڕوانیی ئێمە و هەموو گەلی کوردستان لە دادوەران چییە؟ چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە سەربەخۆ بن.
به‌ڕێزان..
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌بێ كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی دادگا و دادوه‌ر جێگه‌ی متمانە و بڕوای زیاتری ھاووڵاتی بن. ئه‌گەر متمانە بە دادگا نەبێت، تاوان زۆر دەبێت، پەنا بۆ تۆڵەسەندنەوە دەبرێت، ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی بە تەواوی دەكەوێتە مەترسییەوە. دادگا و دادوەر ده‌بێ لە كێشە سیاسییەكان دوور بن و لایه‌نگیری نه‌كه‌ن.
نابێ كه‌س لە سەرووی یاساوە بێت، هەمووان ده‌بێ بەرامبەر بە یاسا یه‌كسان بن. دادوەر ده‌بێ کار و ئەرکەکانی بەوپەڕی دڵسۆزی و بێلایەنی و دەستپاکییهوه ئەنجام بدات. پێویستە گرنگیی زۆر بدرێتە ئه‌و دادگایانه‌ی ڕۆژانە و بەردەوام، په‌یوه‌ندی و سه‌روكاریان لەگەڵ ھاووڵاتیاندا ھەیە، چونكە بناغەی حوكمدان لە وێوە دادەنرێت.
ده‌بێ له دادوه‌ریدا بنەماكانی مافی مرۆڤ و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان پێویستە پیادە بكرێن و ھەموو كەسێك ئازادانه مافی بەرگریكردن له خۆی ھەبێت. ده‌بێ گرنگی بە پێگەیاندنی دادوەری خاوەن شارەزایی و بەتوانا بدرێت. دەرفەت بۆ ئافرەتانی دادوەر زیاتر بكرێت كە خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم ڕێوڕەسمەدا بەشێك لەوان داوەت كراون و تەشریفیان هێناوە، بەخێرهاتنێكی تایبەتییان دەكەم. هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوریدا. ئه‌وه دەبێتە هەنگاوی یەکەم و پێویست بۆ چاکسازی لە بوارەکانی دیكه‌شدا.
دادوه‌ران لە کاتی جێبەجێکردنی یاساکاندا هەست بە کەموکوڕی یاساکان دەکەن، بۆیە پێویستە لە پێداچوونەوەی سیاسەتی سزایی لە هەرێمی کوردستان و لە پرۆسەی چاکسازیی دادپەروەریدا، بەشدار بن. بە هەموو توانایه‌ك پشتگیری لە سەربەخۆیی و پـاراستنی بێلایەنیی دادوەری ده‌كه‌م لەپێناو دادپەروەری و سەروەریی یاسا بۆ وڵاتەكەمان. دامەزراوەكانی حكوومەت و سەرجەم لایەنەكانیش دەبێ ھاوكار و پشتیوان بن بۆ سەربەخۆییی دادگاكان، پشتیوان بن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا.
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ هاریكاری و پەیوەندیی بەھێزی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەریی فیدراڵی و دادگای فیدراڵیی عیراقی‌دا هه‌بێت. سوود له دوایین پێشكه‌وتنه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا له بواری دادوه‌ریدا وه‌ربگرن. گرنگی به په‌یمانگه و سه‌رپه‌رشتیاریی دادوه‌ری بده‌ن. ئەمانە هەمووی وادەكات كە ئێمە لەم قۆناغەدا بەرەو قوناغێكی دیكە و بەهێزتر هەنگاو بنێین بۆ هەرێمی كورستان.
له كۆتاییدا دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه، دادوه‌ری، یه‌كێك له بنه‌ما هه‌ره گرنگهكانمانه. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری پته‌و بێت، وڵات پارێزراوه، كۆمه‌ڵگه و تاك، بڕوا و متمانه و ئینتیماش بۆ وڵات دەپارێزێت و بەردەوام دەبێت. ده‌رفه‌ت و ده‌رگاكانی پێشكه‌وتن كراوه‌ن و هاووڵاتی به ئومێده‌وه له داهاتوو ده‌ڕوانێت.
هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موولایەكتان ده‌خوازم.
زۆر بەخێر بێن.
زۆر سوپاس.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.