فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاگاداری سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی كرده‌وه كه گواستنه‌وه‌ی وێنه‌ی شه‌ڕ و خستنه‌ڕووی زانیارییه‌كانی له میحوه‌ره‌كانی شه‌ڕ قه‌ده‌غه كراوه.
له ڕاگه‌یه‌نراوی فه‌رمانگه‌كه كه بۆ گشت ده‌زگا و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن نێردراوه، هاتووه "سه‌باره‌ت به ڕووماڵی میدیایی بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ، ئاگادارتان ده‌كه‌ینه‌وه كه‌وا گواستنه‌وه‌ی وێنه‌ی شه‌ڕ و قسه‌كردن و زانیاری له ڕێگه‌ی هه‌ر هۆیه‌كی ڕاگه‌یاندن (بیستراو و بینراو و سۆشیال میدیا) له‌سه‌ر هه‌ر میحوه‌رێكی شه‌ڕ قه‌ده‌غه‌یه".
هه‌روه‌ها هاتووه "ته‌نها وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه / به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕاگه‌یاندن و هۆشیاری تاكه سه‌رچاوه‌یه بۆ هه‌ر زانیارییه‌ك و بڕیارده‌ره له پێدانی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه به گونجاوی ده‌زانێت بۆ بڵاوكردنه‌وه".
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گشت ده‌زگا و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن جه‌ختی كرده‌وه كه ده‌توانن ته‌نیا له ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه وێنه و ڤیدیۆكان وه‌ربگرن.
جێی باسه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا به‌هه‌مانشێوه ڕووماڵكردنی وێنه و ڤیدیۆی شه‌ڕ و خستنه‌ڕووی زانیارییه‌كان له میحوه‌ره‌كان قه‌ده‌غه كرد و هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌شی كرد كه هیچ پێشمه‌رگه و پله‌دارێكی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه زانیاریی بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن بخه‌نه‌ڕوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.