جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتینەوە ئەنجامی قورسی دەبێت، بەڵام لە ئێستادا بژاردەی ناردنی سەرباز بۆ ئۆکراینا تاوتوێ نەکراوە.
جۆ بایدن بەر لە گەشتەکەی بۆ ویلایەتی میزوری، لە کۆشکی سپی لێدوانی بۆ رۆژنامهوانان دا.
بایدن ئەوەی وەبیرھێنایەوە، كه لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ پوتین ئەنجامداوە و گوتی: "ئەوەم گوت کە ئەگەر پوتین ئۆکراینا داگیر بکات، ئەوە ئەنجامی قورسی دەبێت و رووبەڕووی سزای ئابووری وا دەبێتەوە کە تاکو ئەمڕۆ نەبینراوە".
ئاماژەی بەوەش کرد کە لەو بڕوایەدایە پوتین زۆر باش لێی تێگەیشتووە و گوتی: "رەنگە پێویست بکات بوونی سەربازییمان لە وڵاتانی ناتۆ زیاد بکەین. جگە لەوە ئەوەم بە پوتین گوتووە کە ئەگەری ھەیە ھاوکاری بەرگریی زیاتری ئۆکراینا بکەین".
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامهوانێك لهبارهی ئەگەری ناردن یان نەناردنی ھێزی سەربازیی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا، گوتی: "لە ئێستادا ئەوه تاوتوێ نەکراوە".
جۆ بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆکراینا ئەندامی ناتۆ نییە و لهبهر ئهوه بەپێی ماددەی پێنجەم، لە کاتی ھێرشدا ناچار نیین سەرباز بۆ ئۆکراینا بنێرن و گوتی: "ئەگەر ھاوپەیمانەکانی دیکەمان لە ناتۆ بڕیار لەسەر پاڵپشتیی ھێزی سەربازیی بۆ ئۆکراینا بدەن، ئەوکات دەچینه ئەوێ، بەڵام لە ئێستادا بیرۆکەی ئەوەی کە ئەمریکا تاک لایەنە لە دژی داگیرکاری رووسیا دەوەستێتەوە، جێگەی باس نییە".
گوتیشی: "لەو بڕوایەدام کە پوتین بە روونی ئەو پەیامەی سەبارەت بە ئەنجامەکانی داگیرکردنی ئۆکراینا وەرگرتووە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.