Erbil 38°C سێشەممە 16 حوزەیران 19:14

کۆبوونەوەی داهاتووی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا لە هەولێر بەڕێوە دەچێت

کوردستان TV
100%

 

چوارەمین کۆبوونەوە سەبارەت بە دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا بەڕێوەچوو و بڕیار وایە کۆبوونەوەی داهاتوو لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە چوارەمین کۆبوونەوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا بەڕێوەچوو کە عەمید ڕوکن هەژار عومەر ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و نوێنەری هەرێمی کوردستان لە لێژنەی باڵای ئەمنی و بەرگريی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق-ئەمریکا بەشداربوو.

ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پابەندی خۆیان پیشان دا بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات کە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا واژۆ کراوە و هەروەها جەخت لە گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوو وڵات کردەوە، بۆ تێکشکاندنی داعش و بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزەکانی عێراقی و پێشمەرگە، هەروەها هاوپەیمانانیش دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن، لە پاڵپشتی و ڕاوێژ دان بەهێزەکانی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە، لەشەڕی دژی داعش.

هەروەها ڕایگەیاند: هەر لەکۆبوونەوەکەدا فەرماندەی فەرماندەیی هێزە جیاوازەکانی عێراقی ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش کرد، سەبارەت پێداویستی و بوارەکانی پەیوەندی ستراتیجی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان.

لە ڕاگەیانراوی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە کراوە کە "عەمید ڕوکن هەژار عومەر لە کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش کرد کە تیایدا باسی لە چەند بابەتێک کرد لەوانە: بوارەکانی ستراتیژی و پێداویستی هێزەکانی پێشمەرگە، هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و هاووڵاتيیانی سڤیل، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لە ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی کرد کە بۆ سەر مۆلگەکانی داعش ئەنجامیان دا، هەروەها ئاماژەی بە شێوازی هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش دا لە دژی هێزەکانی پێشمەرگە کە دووربینی شەوی (حەراری)یان تێدا بەکارهێناوە.

ئاماژە بەوەش کرا "پێویستە و گرنگە پێداویستی هێزەکانی پێشمەرگە دابین بکرێت لەلایەن عێراق و هێزی هاوپەیمانان، بە تایبەت دووربینی شەوی (حەراری) و درۆنی سەربازی پێشکەوتوو، لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا هەروەها باسی لە گرنگی دامەزراندنی هەردوو لیوای هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی کرد، دابینکردنی گشت پێداویستی لۆجستی و مووچەی بە گرنگ زانی، بۆئەوەی بەزووترین کات دەستبەکار بن.

عەمید روکن هەژار لە میانەی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە گرنگی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و کاری هاوبەش لەنێوان هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە دا بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان، لە کۆتاییشدا پوختەیەکی پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگەی بۆ هەردوو شاندی عێراقی و شاندی هاوپەیمانان باس کرد.

هەروەها لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا بڕیاردرا کە هەماهەنگی نێوان هێزەکانی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان بەردەوامی پێبدرێت و بەڵێنیاندا کە کۆبوونەوەی داهاتوو لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.