ئەمڕۆ پێنجشەم لە مەڕاسیمێکدا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە یاوەری د. محهمهد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، پرۆژەی (شەدار)ی بۆ بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن کردەوە.
دوای بهسهركردنهوهی هۆڵەکانی پرۆژەکە، وهزیری كشتوكاڵ له لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگهیاند: خۆشحاڵم کە ئەم پرۆژەیە وەک یەکێک لە پرۆژە هەره گرینگ و ستراتیژییەکان کارەکانی بەسەرکەوتووی بەڕێوە دەبات بە پێی ئەو پلانەی کە وەزارەتمان دایناوە بۆ دابینکردنی هێلکەی خواردن بە کوالێتی بەرز و توانای خۆماڵی .
بێگهرد تاڵهبانی پاڵپشتی وەزارەتیشی دەربڕی بۆ هەموو خاوەنکار و پرۆژەیەکی خۆماڵی کە ئامانجی خزمەتکردن و پێشخستنی بەرهەمی خۆماڵی و هەنگاونانە بەرە و خودبژێوی و پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی و بەکارخستنی دەستی کاری خۆماڵی .
پرۆژەی شەدار بۆ بەرهەمهێنانی هێلکەی خۆماڵی ئێستا بە توانای رۆژانەی (427400) هێلکەی خواردن كار دهكات بە کوالێتییهكی بەرز و نرخێکی گونجاو، رۆژانە نزیکەی (1100) کارتۆن هێلکە بەرهەم دههێنێت.
لە کاتی کەوتنەکاری هەموو هۆڵەکانی پڕۆژهكه کە (6) هۆڵە، نزیکەی (%50)ی پێویستی هێلکەی ههرێمی كوردستان دابین دەکات.
لەم پرۆژەیەدا گرینگی بە بەکارهێنان و بەرهەمی ناوخۆی گەنم دەدرێت وەک ئالیک، هەروەها کارتۆنەکانیش ههر لە هەولێر بەرهەم دێت .
ئەم پرۆژەیە پاڵپشتییەکی بەهێزی سامانی مرۆییە کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ (300) دەرفەتی کار دەرخسێنی و لە پانتایی و ڕووبەری 213 دۆنم زەوی پێکهاتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.