وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئیسرائیل لە هاوکێشە و ململانێ ناوچەییەکاندا.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا ڕایگهیاند: گفتوگۆی ئەرێنیمان لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامدا و پێمان ڕاگهیاندووه كه ئەمهریکا پابەند دەبێت بەپاراستنی ئیسرائیل لە هاوکێشە و ململانێ ناوچەییەکاندا کەپێشتریش باس لهوهكرابوو ئەمهریکا و ئیسرائیل لەبارەی مانۆری سەربازی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گفتوگۆ دەکەن.
ساڵی 2015 ئێران و وڵاتانی زلهێز ڕێككەوتنێكیان بهناوی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی واژۆکرد وەك هەوڵێك بۆ ڕێگریكردن لە زیاتر پەرەپێدانی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران، دەستكەوتی تارانیش لەو ڕێككەوتنە ئەوەبوو سزاكان لەسەری هەڵبگیرێن.
پاشان ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ سهرۆكی پێشووی ئهمهریكا تاكلایەنانە لە ڕێككەوتننامەكە كشایەوە و سزای ئابوریی زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەوەش ئێران و وڵاتانی ئەوروپای نیگەران كرد.
جێی باسە ڕاگرتنی گفتوگۆكانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا لەلایەك دۆخی ئابوریی ئێرانیان خراپكرد، لە لایەكی تریشەوە تارانیان خستە دۆخێكەوە كە هەوڵی زیاتر بدات لەپێناو برەودان بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی، دوای نەوەستانی ئێران لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی و هەوڵی دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی، له ئێستادا ئیسرائیل بیر لە بژاردەی بەکارهێنانی چەک دەکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.