Erbil 38°C سێشەممە 16 حوزەیران 13:47

به‌فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی ژماره‌یه‌ک بەرکەوتووی چەکی کیمیایی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات چاره‌سه‌ر ده‌کرێن

کوردستان TV
100%


 بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، 53 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی بۆ چارەسەرکردن دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات، بەڵام ئەمڕۆ تەنها 18 بەرکەوتوو بەڕێکەوتن، بە هۆی ئەوەی ئێران بڕیاری داوە ڕێگە نادات بەو کەسانەی دوو ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرنەگرتبێت، بڕۆنە وڵاتەکەیان.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: 53 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی، کە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە و کۆمەڵەی قوربانیان لە ڕێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕی پزیشکی دیاری کراون، ئەمڕۆ 18 کەسیان بەرەو وڵاتی ئێران بەڕێ دەکەون.
عەبدولقادر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: لەبەر ئەوەی 35 بەرکەوتوویان دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە ڕێگەیان پێ نادرێت گەشت بکەن تاکو هەردوو ژەمە ڤاکسینەکە وەردەگرن.
ناوبراو گوتیشی: بڕیاری ناردنەدەرەوەی بەرکەوتووان، ساڵی 2019 دەرچووە و بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بودجەی بۆ تەرخان کراوە، بەڵام بە هۆی پەتای کۆرۆنا لە کاتی خۆیدا نەتواندرا بەرکەوتووان ڕەوانەی تارانی پایتەختی ئێران بکرێن بۆ چارەسەر.
دەشڵێت: بەهیواین حکوومەت باشتر کار لەسەر میکانزمی ناردنەدەرەوەی بەرکەوتووان بۆ چارەسەر بکات، کە بەشێکی بەرکەوتووان چاندنی گلێنەی چاویان بۆ دەکرێت و پێویستیان بەوەیە بەردەوام پزیشک بیانبینێت، بۆیە داوا دەکەین بودجەیەکی تایبەتیان بۆ دابین بکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.