كۆنگرێسی ئەمریكا بە پەسندكردنی پڕۆژەیەک، هەوڵدەدات ڕێگه لە ئێران بگرێت لە ڕێی درۆنەکان مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دروست بكات.
كۆمسیۆنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا باسیان لە پەسندكردنی پڕۆژەیەک كردووە كە بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیە فرۆشتنی هەر جۆرە پارچەیەكی یهدهگی درۆن بە ئێران، قەدەغە دەكرێت و ئەو كۆمپانیایانەش سزا دەدرێن كە كهلوپهلی یهدهگی درۆن بە ئێران دەفرۆشن.
بەپێی ڕاپۆرتێكی دۆیچەویلهی ئهڵمانی، گریگۆری میكس سهرۆكی لێژنهی پهیوهندییهكانی دهرهوهی ئهنجوومهنی نوێنهرانی ئهمریكا لە بەیاننامەكەدا ڕایگهیاندووه، ئێران و میلیشیاکانی نزیک خۆی لە ڕێگهی درۆنەوە ئەمریكییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردۆتە ئامانج، بۆیە دەبێت ڕێگری لێ بكرێت.
دووپاتی كردهوه هەر لەمساڵدا چەندان جار ئێران و گرووپە میلیشیاكان بە درۆن، بنكەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانیان له ناوچهكه بهگشتی و عێراق بهتایبهتی كردووەتە ئامانج و بە پەسەندکردنی پڕۆژەکە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەست كراوهتر دەبێت بۆ ئهوهی بتوانێت باشتر بهرهنگاری هێرشی درۆنەکانی ئێران ببێتەوە.
ئهم پڕۆژهیه لە كاتێكدا پەسند دەكرێت كە خولی هەشتەمی دانوستانی ئهتۆمی نێوان ئێران و ئەمریكا دەستی پێكردووە، بەشێك لە چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە، كاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەوتی دانوستانەكان دەبێت، چونكە ئێران داوای كردبوو سزاكانی لەسەر كەم بكرێتەوە و بەم پڕۆژەیەش سزاكان زیاتر دەبن.
جێی باسە لەماوەی پێشوودا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە سزایان خستووەتە سەر ژمارەیەک کۆمپانیا و کەسایەتی کە پاڵپشتیی پڕۆگرامی دروستکردنی درۆنی ئێران دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.