Erbil 38°C سێشەممە 16 حوزەیران 08:31

سوپاسالاری پێشمەرگە: کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆمان لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای عێراق کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو

کوردستان TV
100%

فەریق جەمال ئیمنیکی، سوپاسالاری پێشمەرگە، رایگەیاند کە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای عێراق، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو.

فەریق جەمال ئیمنیکی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا وردەکاری لەبارەی ئەو کۆبوونەوە خستەڕوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە، لەگەڵ فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە قەزای مەخموور ئەنجامیان دا و گوتی: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، تەواوکەری ئەو کۆبوونەوانەی رابردوو بوو کە لەنێوان فەرماندەکانی پێشمەرگە و فەرماندەکانی سوپای عێراق ئەنجامدراون".

سوپاسالاری پێشمەرگە، فەریق جەمال ئیمنیکی ھەروەھا ئاماژەی بەوەیش دا کە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، زۆر باش بوو و گوتی: "لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش رێککەوتووین".

گوتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا، ھەروەھا لەسەر بەردەوامیدان بە ھاریکاریی و ھەماھەنگیییەکانی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆسەر پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش رێککەوتووین.

 فەریق جەمال ئیمنیکی راشیگەیاندووە کە پەلامارەکانی داعش لە ناوچەکە زیادی کردووە، بۆیە بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی رێکخراوەکە پێویستە ھاریکاریی و ھەماھەنگیی ھاوبەشی زیاتر ھەبێت لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی باڵای سوپای عێراق بە سەرۆکایەتی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شممەری گەیشتە قەزای مەخموور و لە میانیدا لەگەڵ فەریق جەمال ئیمنیکی، سوپاسالاری پێشمەرگە، کۆبوویەوە.

ئەمەیش دوای ئەوە دێت رۆژی ھەشتی ئەم مانگە، ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، دوو ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە ئەنجام دا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.