Erbil 38°C سێشەممە 16 حوزەیران 07:18

عەمید عوسمان: شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە چالاک دەکرێت

کوردستان TV
100%

 

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی چالاک دەکرێت و دەبێتە تاکە سەرچاوەی هەواڵی دەزگاکانی ڕاگەیاندن.

عەمید عوسمان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: پڕۆژەیەکمان هەیە بەناوی ستراتیژییەتی میدیا و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە کە بووەتە یەکێک لە خاڵەکانی پڕۆژەی چاکسازی وەزارەتەکەمان، پڕۆژەکە چەندین بابەتی لە خۆگرتووە، گرینگترینیان چالاککردنی شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیارییە کە تایبەتە بە وەزارەتی پێشمەرگە و گرێدراوی وەزارەتەکەیە.

هەروەها گوتی: پڕۆژەکە کۆمەڵێک لەو کێشانەمان بۆ چارەسەر دەکات کە لە ڕابردوودا سەبارەت بە ڕووماڵکردنی جەنگ خراونەتەڕوو، بەڵام کاتی پێویستە، چونکە پێویستی بە دروستکردنی ڕۆژنامەنووسی سەربازییە لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە کە بەهۆی ئەمەوەش دەتوانین مەرکەزییەتی میدیایی بپارێزین.

سەبارەت بە ڕووماڵکردنی میدیایی بەرەکانی جەنگ عەمید عوسمان ڕایگەیاند: وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری کردووە و داوا دەکات ڕووماڵی میدیایی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەرەکانی جەنگ بە هەموو شێوەیەک قەدەغە بکرێت.

هەروەها ڕایگەیاند: نووسراوێکی دیکەی وەزارەتی پێشمەرگە تایبەت کراوە بۆ ناو هێزەکانی پێشمەرگە،کە تێیدا هاتووە "لێدوانی فەرماندە سەربازییەکانی پێشمەرگە بۆ تەواوی میدیا و سۆشیال میدیاکان قەدەغەیە، هەروەها چوونی میدیا بۆ ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و یەکە سەربازییەکان بە تەواوی قەدەغەیە."

لە درێژەی قسەکانیشیدا گوتی: بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە تاکە سەرچاوە دەبێت بۆ زانیاریدان بە میدیاکان، ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە پابەندی بڕیارەکانی وەزارەت نابن.

عەمید عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو بڕیارانە سەرەتایەک دەبن بۆ چالاککردنی شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی ببێت بە تاکە سەرچاوەی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ میدیاکان.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.