بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر سەبارەت بە کاتی چاککردنەوەی بۆڕی گواستنەوەی ئاوی ئیفراز 3 ڕایگەیاند، تیمەکانمان خەریکی چاککردنەوەی بۆڕییەکەن و بڕیارە تا بەیانی ئاو بگەڕێتەوە نێو بۆرییەکان.
زەردەشت عەبدولخالق بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر تایبەت بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: لە نزیک وێستگەی مەرحۆدە بۆڕی ئاوی پڕۆژەی ئیفراز 3ـی هەولێر شکاوە، هۆکاری شکانیشی دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارێکی تەکنیکی کە بەهۆی پەستانی زۆری ئاوەوە زیاتر لە پێویست کاریگەری لەسەر بۆڕییەکە کردووە.
ڕاشیگەیاند: هۆکارێکی دیکەی شکانی بۆڕییەکە بەهۆی بەسەرچوونی تەمەنییەتی کە هەموو بۆڕییەک تەمەنێکی هەیە بۆ بەسەرچوونی، ئەم بۆڕییەش نزیکەی 16 ساڵە بەرگە دەگرێت و ئاو لە ڕێگەیەوە دەگوازرێتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا زەردەشت عەبدولخالق ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی ئەوەی پڕۆژەیەکی گەورە یاخود قورساییەکی زۆر کەوتبێتە سەر بۆڕییەکە شکابی، لەمبارەیەوە گوتی: بۆڕییەکە 16 ساڵە لە ژێر ئەم خاکەیە و نزیکەی 2 بۆ 3 مەتر لە ژێر زەوییەوەیە، هۆکاری شکانەکەشی تەنها بەهۆی پەستانی زیاتر لە پێویستی ئاو و بەسەرچوونی تەمەنی بۆڕییەکەوەیە.
گوتیشی: لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر تاوتوێی گۆڕینی بۆڕییەکانی بەشێک لەو شوێنانەی هەولێرمان کردووە کە تەمەنی بۆڕییەکانیان بەسەرچووە لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3 ـی هەولێر.
هەروەها ڕایگەیاند: ئێستا تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر خەریکی چاککردنەوەی بۆڕییەکەن و هەوڵ دەدرێ تا بەیانی بۆڕییەکە چاک بکرێتەوە و ئاو بگەڕێتەوە بۆ نێو بۆڕی ماڵەکان.
بەڕیوەبەری ئاوی هەولێر هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە شکانی بۆڕی شتێکی ئاساییە و هەموو بۆڕییەک دووچاری شکان دەبێت، پڕۆژەکە زیاتر لەچەندین ساڵە ئاوی 45%ـی هەولێر دابین دەکات، ئاساییە ئەگەر بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ئاو ببڕێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.