نەتەوە یەکگرتووەکان ئه‌مڕۆ سێشەم بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی تۆمەتبارکرد بەوەی کە لە مانگی ئابەوە تا ئێستا بەلایەنی کەم 72 سزای لەسێدارەدانی ئه‌نجامداوه، ئه‌مه سەرەڕای ئەوەی كه پێشتر بەڵێنی لێبوردنی گشتی ده‌ركردبوو.
نادا نەشف جێگری کۆمیسیاری مافه‌كانی مرۆڤ كه ڕێکخراوێكی نێودەوڵەتییه، ڕایگەیاند: له‌لایه‌ن كه‌سه باوه‌ڕپێكراوه‌كانمان له ئه‌فغانستان ئاگادار كراوینه‌ته‌وه كه له مانگی ئابه‌وه تا ئێستا زیاتر لە 100 لە سێدارەدانی ئەندامانی پێشووی هێزەکانی سوپای ئه‌فغانستان ئه‌نجامدراوه.
گوتیشی: نیگەرانین لە بەردەوامی گه‌یشتنی راپۆرتی لەسێدارەدانی نادادپەروەرانە لە سەرتاسەری وڵات، ئه‌مه سەرەڕای ئەو لێبوردنە گشتییه‌ی کە بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان لە دوای 15ی ئابەوە ڕاگەیەندرابوو.
نادا نەشف گوتیشی: بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان هه‌ندێكجار حاڵه‌ته‌كانی له‌سێداره‌دان ئاشكرا ده‌كه‌ن و ته‌رمه‌كان ده‌ده‌نه‌وه خاوه‌نه‌كانیان، به‌دڵنیاییه‌وه ئەمە بووتە هۆی دروستبوونی ترس له‌لایه‌ن زۆرێك له دانیشتووانانه‌وه.
جێگری کۆمیسیاری مافه‌كانی مرۆڤ ڕاشیگه‌یاند: تەنها لە هه‌رێمی نەنگەرهار زیاتر له 50 لەسێدارەدانی نادادپەروەرانه ئه‌نجامدراوه به گومانی بوونی په‌یوه‌ندی به تیرۆریستانی داعش و بزووتنه‌وه‌ی خوراسان.
لە سەرەتای کانوونی یەکەمدا ئەمەریکا و هاوپەیمانان، ڕژێمی تاڵیبانیان بە ئەنجامدانی له‌سێداره‌دانێكی زۆری ئەندامانی پێشووی هێزەکانی سوپای ئەفغانستان تۆمەتبار کرد، داواشی له به‌رپرسانی بزووتنه‌وه‌كه كرد به‌په‌له و به‌خێرایی له‌سێداره‌دان ڕابگرێت.
لای خۆشییه‌وه هیومان ڕایتس وۆچ راپۆرتێکی بڵاو كردبووه‌وه کە تێیدا هاتبوو "لەنێوان مانگی ئاب و تشرینی یەکەمدا 47 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەفغانستان و کارمەندانی تری سەربازی و پۆلیس و هەواڵگریی کە خۆیان ڕادەستی هێزەکانی تاڵیبان كردبوو، له‌سێداره‌دراون.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌شدا تا ئێستا تاڵیبان سه‌رجه‌می ئەو تۆمەتانە ڕه‌ت ده‌كاته‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.