بە مەبەستی جێبەجێكردنی فەرمانێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانییانی سیاسی، هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراون كۆبوونەوە بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی زوودا بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت جێبەجێ بكەن.
ئەمڕۆ سێشەم لە دیوانی وەزارەتی شارهوانی، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و عەبدوڵا حاجی محموود وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان كۆبوونەوە.
ئامانجی ئەو دیدارەی نێوانیان گفتوگۆكردن بوو لەسەر میكانیزم و چۆنیەتی بە خێرایی جێبەجێكردنی فەرمانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زیاتر لە 11 هەزار پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانییانی سیاسی دابەش بكرێت و ئێستاش بڕیارەكەی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی تاوتوێی چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكە كرا تاكو لە ماوەیەكی زوودا بخرێتە بواری جێبەجێكردن و بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم ڕێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە لەلایەن هەردوو وەزارەت و لایەنی پەیوەندیدار دەگیرێتەبەر و لە ماوەیەكی زوودا ئەو 11 هەزار پارچە زەوییە بەسەر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانییانی سیاسی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.