لە چل و دووەمین لووتکەی کەنداو کە لە ریاز پایتەختی سعوودیە بەڕێوەچوو، ئەوە راگەیەندرا کە بەشداربووانی لووتکەکە دەڕواننە ئەوەی ئیدارەی نوێی ئێران رۆڵی ئەرێنی بگێڕێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.
دوێنێ سێشەممە، چل و دووەمین لووتکەی کەنداو بە سەرۆکایەتی سعوودیە و ئامادەبوونی سەرۆک و سەرکردەکانی شەش وڵاتی ئەندام لە ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو لە ریاز بەڕێوەچوو و دواتر راگەیەندراوی کۆتایی لووتکەکە بڵاوکرایەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە لە پەرۆشی سەرکردەکانی ئەنجوومەنی باڵا و یەکھەڵویستی لە رووبەڕبوونەوەی ھەر ھەڕەشەیەک ئەگەر وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو بەرەوڕووی ببنەوە.
لەبارەی دۆسیەی ئێران لە راگەیەندراوی کۆتایی لووتکەی کەنداودا، داواکراوە کە گرنگە تاران پابەند بێت بە بنەماکانی دراوسێتی باش و دەست لە کاروباری وڵاتانی کەنداو وەرنەدات و ھاتووە "دەڕوانینە ئەوەی ئیدارەی نوێی ئێران رۆڵی ئەرێنی بگێڕێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و بنیاتنانی متمانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو".
بەپێی راگەیەندراوی کۆتایی لووتکەی کەنداو، بەشداربووانی لووتکەکە نیگەرانی خۆیان نیشانداوە سەبارەت بەو ھەنگاوانەی کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ شڵەژاندنی ئاسایش و سەقامگیری ھەرێمیی گیراونەتەبەر.
جەختیشکراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو ئامادەییە بە جیددی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا بکات، ئەوەیش بە ئامانجی بەدیھێنانی ئامانج و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان لە چوارچێوەی رێزگرتن لە سەرەوەری و سیاسەتی دراوسێتی باش.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.