ئورسولا ڤۆن دێر لێیهن، سەرۆکی كۆمیسیۆنی یهكێتیی ئهورووپا، ئاماژەی بەوە کرد کە لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا، هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ئەگەرانە دەکەن کە دەکرێت بکرێت لە ئەگەری هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا و رایگەیاند ''دەکرێت سزاکانی ئێستا بەشێوەیەکی بەهێز گەورە و فراوان بکرێن. بە دڵنیایییەوە ئامادەی گرتنەبەری رێوشوێنی زیادەین کە دەرەنجامی جددی بۆ رووسیا دەبێت کە هاوشێوەیان نییە''.
ئورسولا ڤۆن دێر لێیهن لە دانیشتنی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی ئەورووپا لە شاری ستراسبۆرگ رۆژهەڵاتی فەڕەنسا، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆکی كۆمیسیۆنی یهكێتیی ئهورووپا، باسی لەو بابەتانە کرد کە لە لووتکەی یەکێتیی ئەورووپادا تاوتوێ دەکرێن و گوتی: ''کردە شەڕەنگێزیەکانی رووسیا دژبە ئۆکراینا باجی قورسی دەبێت. لە مانگی حوزەیراندا، ئەنجوومەنی ئەورووپا ئێمەی راسپارد بۆ ئامادەکردنی بژاردەکان. لەو کاتەوە لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشەکانی دیکە لە هاریکاری نزیکداین و لەسەر ئەوە کار دەکەین''.
ئورسولا ڤۆن دێر لێیهن گوتیشی: ''دەکرێت سزاکانی ئێستا بەشێوەیەکی بەهێز گەورە و فراوان بکرێن. بە دڵنیایییەوە ئامادەی گرتنەبەری رێوشوێنی زیادەین کە دەرەنجامی جددی بۆ رووسیا دەبێت کە هاوشێوەیان نییە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر داوا لە رووسیا دەکەم گرژیی کەم بکاتەوە، پەنا بۆ کەناڵی دیپلۆماسیی ببات و پابەندی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان بێت''.
سەرۆکی كۆمیسیۆنی یهكێتیی ئهورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لێیهن سەبارەت بە کۆچبەرانی سەر سنووری بێلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا، باسی لەوە کرد کە تا ئێستا دەستەبەری گەڕاندنەوەی زیاتر لە سێ هەزار و 500 کۆچبەری عێراقییان کردووە لە بێلاڕووسەوە بۆ وڵاتەکەیان و گوتی: ''هاوکاری مرۆییمان کۆکردەوە. زنجیرەیەک سزای توندی ئامادەکراوی تایبەتمان بەسەر رژێمی بێلاڕووسدا سەپاند''.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.