Erbil 38°C دووشەممە 15 حوزەیران 12:54

وەزیری ناوخۆ: پێویستە سنوور بۆ ڕەفتارەکانی پەکەکە دابنرێت

کوردستان TV
100%

 

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەوڵدانی پەکەکە بۆ داخستنی سنوور ڕایگەیاند، هیوادارین عەقڵ زاڵ بێت بەسەر ڕەفتاریاندا و سنوورێک بۆ ئەو ڕەفتارانەیان دابنێن.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێکدا بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: ماوەی چەند مانگێکە کارگێڕی ڕۆژئاوا لەلایەن پەکەکەوە بەڕیوە دەبرێت، ڕێگە بە خەڵکانێک دەدەن لەسەر خاڵە سنوورییەکان کۆببنەوە ڕەفتاری نەشیاو بکەن، چەندینجار هەوڵیانداوە خاڵە سنوورییەکان ببەزێنن، بەڵام دامودەزگاکانی ئێمە لەسەر سنوور دانیان بەخۆیاندا گرتووە و هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان نەبووە.

ڕاشیگەیاند: دوێنی چوارشەممە 100 بۆ 200 کەس هەوڵیان دا سنوور ببەزێنن، بە توندوتیژی و بە دار و بەرد و قومبەلەی مۆلۆتۆڤیان بەکارهێنا بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر خاڵە سنووریەکانی ئێمە و بە زۆر بپەڕنەوە.

لەمبارەیەوە ڕێبەر ئەحمەد گوتی: ئەمە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی نێوان دوو وڵات و دوو هەرێم دوو لایەن کە لە دوو سنووری جیادا دەژین، دەستدرێژییەکی ڕوونە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەر ئەوەشدا دامەزراوەکانی ئێمە زۆر بە ڕێکوپێکی مامەڵەیان لەگەڵ کردوون.

هەروەها ئاشکرای کرد کە پەکەکە سنوورەکەیان داخستووە و جەختیشی کردەوە کە پەکەکە هۆکاری سەرەکییە بۆ ڕاگرتنی جموجۆڵ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا.

وەزیری ناوخۆ لە کۆتایی لێدوانەکەیدا هیوای خواست چەکدارانی پەکەکە عەقڵ زاڵبێت بەسەر ڕەفتارەکانیان، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە سنوورێک بۆ ڕەفتارەکانیان دابنرێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.