ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو تەرمی ژنێکی نەناسراو دۆزرایەوە و دوای سێ ڕۆژ تۆمەتباران دەستگیر کران و وردەکاری کوشتنەکەشی دەخرێتەڕوو.
ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند: سەرلەبەیانی رۆژی 2021/12/13 زانیاریمان پێگەیشت لە بوونی تەرمی ژنێکی نەناسراو لەسەر ڕێگەی سەرەکی گەڕەکی بەکرەجۆ، دەستبەجێ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستیان کرد بە کاری لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، لەماوەی کەمتر لە ( 48 ) کاتژمێر توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیر بکرێت.
ڕاشیگەیاند: تۆمەتبارەکان بەناوەکانی ( خ.ح.ع ) و ( د.خ.ق ) لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دانیان بە تاوانەکەیاندا نا و پێناسی تاوان لێکراویان ئاشکرا کرد کەناوی ( د.ت.ع ) لەدایکبووی ساڵی ( 2003 ).
هەروەها ڕایگەیاند: تۆمەتباران لە گوتەکانیاندا دەریانخست کە پێشتر یەکتریان ناسیوە و تاوانلێکراو لای تاوانباری سەرەکی لە یەکێک لەکافتریاکانی شاری سلێمانی بە ناوی کافتریای (لاس فێگاس) لە شەقامی سالم کاری کردووە و شەوی تاوانەکە پێکەوە بوون لەماڵی تۆمەتبار ( د.خ.ق ) وە لە بەرەبەیاندا کێشە دەکەوێتە نێوانیان و لەئەنجامدا تۆمەتبار( خ.ح.ع ) بە بەکارهێنانی چەک هەڵدەستێ بە کوشتنی تاوانلێکراو ( د.ت.ع ) پاشان بە ئۆتۆمبێلەکەی تەرمەکەی دەگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تەرمەکەی تێدا دۆزرابوویەوە، پاشان هەوڵی خۆ حەشار دانی داوە.
ئاسایشی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەکات کە لەلایەن هێزەکانیانەوە توانرا دەست بگیرێت بەسەر ئەو چەک و ئۆتۆمبێلەی کە لە تاوانەکەدا بەکارهێنرابوو، ئێستا تۆمەتباران لەسەر بڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی ( 406 ) لە یاسای سزادان بەندکراون و لێکۆلینەوە بەردەوامە لەگەڵیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.