سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لێژنەیەک پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون لەو زیانانەی بەهۆی لافاوەوە بە خەڵکەکە گەیشتووە بۆ ئەوەی هاوکارییان بکرێت.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کارەساتی لافاوی هەولێر کرد و دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی قسەی کرد و سەرەخۆشی لە سەرجەم کەسوکاری قوربانییان کرد و پشتیوانی خۆی بۆ خەڵکی هەولێر دووپات کردەوە.
مەسرور بارزانی لە کۆنگرەکەدا دەست خۆشی لە وەزیر و پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگار و سەرجەم بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی حکوومی کرد، بۆ بەدەمەوەچوون و بەهاناچوونی هاووڵاتییان.
هەروەها گوتی: لێژنەیەک پێکهێنراوە و بەدواداچوون دەکەین، بۆ ئەوەی لەهەر شوێنێک کێشە ون کەمتەرخەمی هەبووبێت دەستنیشان بکرێت بە مەبەستی چارەسەرکردنی.
گوتیشی: کاری لێژنەکە بۆ بەدواداچوونە بۆ دوو حاڵەت کە یەکەمیان بریتیە لە دەستنیشانکردنی ئەو کێشانەیە بەمەبەستی چارەسەرکردنیان لە ئێستادا، بۆ ئەوەی حاڵەتێکی هاوشێوەی ئەمڕۆ دووبارە نەبێتەوە، حاڵەتێکی دیکەشیان بریتیە لە چارەسەرکردنی بۆ داهاتوو بۆ ئەوەی چارەسەری یەکجاری بکرێت.
هەروەها ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش ئاگادارکراوەتەوە، بۆ ئەوەی هاوکاری لێژنەکە و خەڵک بکات، بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێک پێویست بە هاوکاری کرا بەهانایانەوە بچن.
ڕاشیگەیاند: لێژنەیەک پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون لەو زیانانەی بەر هاووڵاتییان کەوتووە بەهۆی لافاوەوە، بۆ ئەوەی هاوکارییان بکرێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکەدا داوای لەسەر یەکە ئیدارییەکانی شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی کرد، ئامادەکاری پێشوەختە بکەن بۆ ئەوەی ڕووداوی هاوشێوەی ئەمڕۆ ڕوونەداتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.