Erbil 38°C دووشەممە 15 حوزەیران 07:13

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە شاری نەجەف بەشداری لە کۆنگرەیەک دەکەن

کوردستان TV
100%

 

حكوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ئیتیحادی بەشداری لە كۆنگرەی ( مافی زانینی ڕاستی) لە شاری نەجەف دەکەن.

بڕیارە سبەی شەممە لە شاری نەجەف كۆنگرەی (مافی زانینی راستی) بە بەشداری بەرپرسانی باڵای حكومەتی ئیتیحادی و شاندێکی حکوومەتی هەرێمی  کوردستان بە سەرۆکایەتی د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ژمارەیەك رێكخراوی ناوخۆیی و بیانی ببەسترێت.

 سەبارەت بەم كۆنگرەیە د.دیندار زێباری ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: كۆنگرەی (مافی زانینی ڕاستی) بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤەوە دەبەسترێت و تێیدا تیشك دەخرێتە سەر ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە هەرێمی كوردستان تیشک دەخرێتە سەر پابەندبوونەكانی حكوومەتی هەرێم بە پرەنسیپەكانی مافەكانی مرۆڤ و ئەو پێشكەوتنانەی لە هەرێم هاتوونەتە دی.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم گوتی: لە دوای دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای نالەباری دۆخی كوردستان، بەڵام هەوڵی زۆر دراوە بۆ باشترکردنی ڕەوشی حكوومڕانی لە هەرێم و گرنگییەكی زۆر بە باشتر و پتەوتر كردنی بنەما و پرەنسیپەكانی مافەكانی مرۆڤ دراوە بۆ ئەوەی گونجاو بێت و لە ئاست پابەندبوونەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئەو ڕاسپاردانەی كە لەلایەن كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ سەر بە نەتەوەیەکگرتووکان ئاراستەی حكوومەتی هەرێم دەكرێن.

زێباری ئەوەشی خستەڕوو كە لە هەرێمی كوردستان چەندین یاسا و ڕێنمایی تایبەت درچووە و ژمارەیەك پڕۆژە یاسا لە قۆناغەكانی كۆتاییدان بۆ ئەوەی بكەونە بواری جێبەجێكردن، لەو یاسایانەی کە کاریان پێدەکرێت یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان، یاسای زمانە فەرمییەكان، یاسای كاری رۆژنامەوانی، یاسا خۆنیشاندان و یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەم ئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت، پڕۆژە یاسای مافەكانی منداڵان و چەندین یاسای دیكە کە بەشێکیان کاردەکرێت بۆ هەموار کردنەوەیان.

لەبارەی گرنگی كۆنگرەكە و بەشداریی حکوومەتی هەرێم، دیندار زێباری گوتی: لە كۆنگرەی (مافی زانینی راستی) پلانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن گشت دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێم ئامادە کراوە دەخرێتەوەڕوو، بەتایبەتی پاڵپشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ  پەسەند كردن و جێبەجێكردنی پلانەكە و ئەو هەنگاوانەی نراون لەو ڕووەوە، چونكە پلانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان (2021-2025) نەخشە ڕێگەی مافەكانی مرۆڤە لە چوار ساڵی داهاتوو بەپێی ئەو ڕاسپاردانەی كە ئاراستەی حكوومەتی هەرێم كراون لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتننامانەی كە عێراق پەسەندی كردوون.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.