ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی بەڕازیلی، رۆناڵدۆ، یانەی کروزیرۆی وڵاتەکەی کە لەسەرەتای ژیانی وەرزشیدا درێسەکەی پۆشیبوو، کڕیوە.
لەو راگەیەندراوەی کە لە یانەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە دوای گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ سەرۆکی یانەکە سێرخیۆ سانتۆس رۆدریگێز، رۆناڵدۆ بەشێکی گەورەی پشکەکانی یانەکەی کڕیوە.
رۆناڵدۆ، کە خاوەنی سەدا 51ی پشکەکانی یانەی ریال بەلەدوەلیدی ئیسپانییە، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوەی لە دەستی بێت دەیکات بۆ گەڕانەوەی کروزیرۆ بۆ پێگەکەی جارانی کە پێش دوو ساڵ دابەزیوەتە خولی پلە دوو.
بەپێی ئەو ھەواڵانەی کە لە رۆژنامەکانی بەڕازیلدا بڵاوکراوەتەوە، رۆناڵدۆ لە بەرامبەر سەدا 90ی پشکەکانی یانەی کروزیرۆ، 62،5 ملیۆن یۆرۆی داوە.
رۆناڵدۆ، کە لە وەرزی 1993-1994 درێسی یانەی کروزیرۆی بەڕازیلی پۆشیبوو، دوای نمایشردنی ئەو ئاستە ناوازەی سەرنجی یانەکانی ئەورووپای بۆخۆی راکێشابوو و لە ساڵی 1994دا یانەی (PSV)ی ھۆڵەندی گواستبوویەوە ریزەکانی خۆی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.