وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە نزیكەوە چاودێریی پرۆسەكانی خاوێنكردنەوە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكانی فراوانكردنی كەند و ڕێڕەوە ئاوییەكان دەكات بە مەبەستی ڕێگریكردن لە مەترسییەكانی دروستبوونەوەی لافاو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تیمێكی وەزارەت بە سەرپەرشتیی نزار سەعید تەمەر بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەری بەدواداچوون لە وەزارەت و چەندین تیمێكی ئەندازیاران سەردانی شارۆچكەی قوشتەپە و گردجووتیار و بنەسڵاوە و سەرجەم گەڕەك و ئەو شوێنە زیانلێكەوتووەكانی لافاوەكەی شاری هەولێریان كرد.
لەگەڵ دەستپێكی لافاوەكە، تیمەكانی سەرجەم دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كاردان بۆ خاوێنكردنەوەی پاشماوەكانی لافاو و هەروەها بە سەدان ئامێر و هەزاران كارمەندیشەوە كار لە فراوانكردنی كەند و ڕێڕەوە ئاوییەكان لە ناوچە جیاوازەكان دەكەن.
سەردانی تیمەكەی وەزارەتیش بۆ ئەو شوێنانە بە مەبەستی ئاگاداربوون و چاودێریكردنی پرۆسەی خاوێنكردنەوە و كاروباری تیمەكانی دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتە، وێڕای ئەوە لە هەر زۆنێكی زیانلێكەوتووی لافاویش تیمی ئەندازیارانی وەزارەت لەوێ ئامادەن و لەگەڵ تیمەكانی تردان بۆ چاودێریكردنی دۆخەكە بە گشتی و پێدانی ڕێنمایی و ئاسانكاری بۆ سەرجەم تیمەكان تاوەكوو كارەكان بەزوویی و بە باشی بەڕێوە بچن.
شایەنی بیرهێنانەوەیە، هەر لەگەڵ دەستپێكی لافاوەكە و رۆژی شهممهی رابردووش ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرجەم گەڕەك و ناوچە زیانلێكەوتووەكانی لافاوەكەی شاری هەولێری بەسەركردەوە و بەدواداچوونی بۆ پرۆسەكانی خاوێنكردنەوە و كارەكان، وێڕای ئەمە ئێستا تیمەكانی شارەوانی لە سەرجەم زۆنەكانی زیانلێكەوتووی لافاو بە شەو و ڕۆژ كار دەكەن.
ژێدهر- وهزارهتی شارهوانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.