لە میانەی ڕووماڵێکی تایبەتی کوردستان تیڤی بۆ ئامادەکارییەکانی تیمەکانی حکوومەت لە چۆنییەتی بەرگرتن لە دروستبوونی لافاو وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، وەزیری تەندروستی ، پارێزگاری هەولێر و بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون بەشدارییان کرد و زانیارییەکانیان لەمبارەیەوە خستەڕوو.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی زستانەوە ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری ڕوودانی لافاو کراوە، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی تواناکانی خۆی خستۆتە گەڕ و لە هەموو شوێنەکان تیمەکانی حکوومەت تا ئەوکاتەی مەترسی بارانبارینی زۆر هەبێت لە ئێشگریدا دەبن.
هەروەها سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ماوەی هەفتەیەکە تیمەکانی تەندروستی لە هەموو شوێنەکان بە تایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ئامادەباشیدان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی لافاو، بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی کە پێویستیان بە چاودێری تەندروستی هەیە.
ڕاشیگەیاند: نەخۆشخانەکانیش ئامادەکراون لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: هەموو تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەرکدان لە ئەگەری دروستبوونی لافاو، هەروەها کەلوپەلی پێویست ئامادەکراوە لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.
ڕاشیگەیاند: هەموو ئامادەکارییەکان لەو پێناوەن لافاو ڕوونەدەدات، هەوڵەکانی تیمی حکوومەتیش لەو پێناوەیە لە ئەگەری هەر ڕووداوێک کەمترین زیان هەبێت.
ئاماژە بەوەش دەکات کە زیاتر لە 21 هۆتێل و 500 ژوور بۆ کاتی پێویست بۆ مانەوەی هاووڵاتییان ئامادە کراون.
هەر لە میانی ڕووماڵەکەدا ئاگرین عەبدوڵڵا بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی چەند ڕۆژی ڕابردوو تیمەکانمان لە ئەرکدان، ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنها سەنتەری شار زیانمەند نەبووە لەم بڕە زۆرەی باران بارین، بەڵکو لە دەرەوەی شاریش چەندین ڕێگە زیانمەندببوون، بەڵام لەلایەن تیمەکانمانەوە بە زووترین کات چارەسەر کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.