راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند کە قەرزەکانی سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە و بانکی نێودەوڵەتیی سەر وڵاتەکەی لەنێوان پێنج بۆ شەش ملیار دۆلارە.
مزھەر محەمەد ساڵح،راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە داوە کە لەئێستادا، ژمارەیەکی ورد لەبارەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی بانکی نێودەوڵەتیی و سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە لەسەر عێراق لەبەردەستدا نییە، چونکە ژمارەکە بەھۆی وەرگرتن و دانەوەی قەرزەکان بەشێوەی خولیی بەردەوام گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بەڵام لە پێنج تا شەش ملیار دۆلار تێپەڕ ناکات.
گوتیشی: "دانەوەی قەرزەکان لەلایەن عێراقەوە بە بانکی نێودەوڵەتیی، مەودا درێژە کە شەش ساڵ بۆ 14 ساڵ دەخایەنێت، سووی سەر قەرزەکانیش مامناوەندە".
لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مزھەر محەمەد ساڵح رایگەیاندبوو کە قەرزە دەرەکییەکانی سەر وڵاتەکەی دابەزیوە بۆ 20 ملیار دۆلار .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.