Erbil 38°C دووشەممە 30 ئەیلوول 06:30

عێراق: دەروازەی سنووریی سەفوان لەگەڵ کوێت کرایەوە

کوردستان TV
100%

دەروازەی سنووریی سەفوان باشووری عێراق لەگەڵ کوێت کە ماوەی دووساڵ بوو بەھۆی گرتنەبەری رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی لە پەتای کۆرۆنا داخرابوو، دووبارە بەڕووی جموجۆڵی بازرگانیی و گەشتیارییدا کرایەوە.

دەروازەی سنووریی سەفوان دەکەوێتە باشووری پارێزگای بەسرە و تاکە دەروازەی سنوورییە کە عێراق بە کوێت دەبەستێتەوە.

دەستەی گشتیی گومرکەکان لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و کوێت، ئەمڕۆ چوارشەممە، دووبارە دەروازەی سنووریی سەفوان (عەبدلی لە دیوی کوێت) بەڕووی جموجۆڵی بازرگانیی و گەشتیارییدا کراوەتەوە کە ماوەی دووساڵ بوو بەھۆی گرتنەبەری رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی لە پەتای کۆرۆنا داخرابوو.

باس لەوەش کراوە کە کردنەوەی دەروازەکە، رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر زیادبوونی جموجۆڵی بازرگانیی نێوان عێراق و کوێت، ھەروەھا بەرزبوونەوەی قەبارەی ھاریکارییە ئابوورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەبێت.

لە شوباتی 2020دا، دەروازەی سنووریی سەفوان لە چوارچێوەی گرتنبەری رێوشوێنەکان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا داخرا.

دوای رووخاندنی رژێمی پێشووی عێراق، سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 پەیوەندی دپیلۆماتی نێوان بەغدا و کوێت کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، پچڕابوو ئاسایی بوویەوە.

لە ئابی 1990دا، سوپای عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێن بۆ ماوەی حەوت مانگ کوێتی داگیر کرد، بەڵام دواتر ھێزەکانی سوپای عێراق لە میانی جەنگی کەنداوی دووەمدا، لەلایەن ھێزە نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕابەرایەتی ئەمریکا لە کوێت، کرانە دەرەوە.

لە ساڵی 1991 دوای ئەوەی لیژنەیەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەرەبووکردنەوەکان پێکھێنرا، عێراق پابەندکرا بەوەی 52 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بەھۆی داگیرکردنی کوێتەوە، بدات بە حکوومەتی کوێت.

دوێنێ سێشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی دوایین قۆناغی قەرەبووکردنەوەکان کە بڕەکەی 44 ملیۆن دۆلار بوو، داوە بە کوێت.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.