Erbil 38°C شەممە 13 حوزەیران 22:40

وەزیری ناوخۆ: ئه‌مڕۆ زۆرینه‌ی پەرلەمانتاران پشتگیرییان له‌ پڕۆژه‌یاسای چه‌ک کرد

کوردستان TV
100%

 

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای چەک لە پەرلەمانی کوردستان کرا و زۆرینەی پەرلەمانتاران پشتگیری پڕۆژەیاساکەیان کرد. 

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی لە یاسای ژمارەی 16ـی ساڵی 1993 کۆمەڵێک بۆشایی یاسایی هەبوو، کە دیاردەی چەک هەڵگرتن و مۆڵەتدان و هاوردەکردن و دروستکردن و هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە دیاردەی چەک هەڵگرتنەوە هەیە کێشەی زۆری تێدابوو، ئەنجوومەنی وەزیران بە پێویستی زانی ئەم پڕۆژەیاسایە بنێردرێتە پەرلەمان و خۆشبەختانە بە لێکتێگەشتنی باش لەنێوان پەرلەمان و حکوومەت خوێندنەوەی دووەم لە ماوەیەکی کەمدا بۆ پڕۆژەیاساکە کرا.

هەروەها گوتی: گفتوگۆیەکی تێروپڕ لەسەر پڕۆژەیاساکە کرا، بەهۆی گرینگی یاساکەوە کاتی پێویست بوو تا قەناعەت بە پەرلەمان بکەین بۆ ئەوەی پشتگیری لە پڕۆژەیاساکە بکەن و خۆشبەختانە بەشی هەرەزۆری پەرلەمانتاران پشتگیریان دەکرد.

گوتیشی: پڕۆژەیاساکە گرینگە، چونکە هەر تەنها تایبەت نییە بە هەڵگرتنی چەک، بەڵکو ئەو شوێنانەی کە چەک دەفرۆشن و مامەڵەی پێوە دەکەن بەشێوەیەکی نایاسایی لە دوای دەرچوونی ئەم پڕۆژەیاسایەوە ڕێک دەخرێنەوە و مۆڵەتیان پێ دەدرێت لە بەرامبەر ئەو ڕێکارە یاسایی و داراییانەی لە هەمبەر حکوومەت دەیانبێت.

ڕێبەر ئەحمەد هەرەوەها ئاشکرای کرد کە لەگەڵ دەرچوونی پڕۆژەیاساکە مۆڵەت بە هاووڵاتییان دەدرێت چەکی ئاگرین کە پێناسە کراوە بە چەکی 7 ملم 62 و چەکی عەیار 9 ملم کە دەمانچە دەگرێتەوە، دەتوانن هەیانبێت ئەویش بە مەبەستی خۆپاراستن و ئەو مەرجە یاساییانەی کە دیاریکراوە لە یاساکە، هاوکات بەدواداچوونی وردی لەسەر دەبێت بۆ ئەوەی بۆ مەبەستی تر بەکار نەهێنرێت.

ڕوونیشی کردەوە کە سنوور بۆ هاوردەکردن و مامەڵەکردن بە چەک لە پڕۆژەیاساکە دیاریکراوە و هەروەها دیاردەی تاوان و کوشتن چارەسەر دەکات.

هەروەها گوتی: لە ماوەی ڕابردوو ئەو گەنجانەی کە وێنەی خۆیان بە چەکەوە بڵاو دەکردەوە لەلایەن دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش بانگکراون و بەڵێننامەیان پێ نووسراوە، داوایان لێکراوە کە لە فەیسبووکەکانی خۆیان ڕایبگەیەنن کە کارێکی هەڵەیان کردووە.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردەوە کە پێویستە هەموو لایەک هاوکاری حکوومەت بکەن بۆ ئەوەی دیاردەی هەڵگرتنی چەک کەم ببێتەوە، لەپێناو ئەوەی تاوان کەمتر ببێتەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.