لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی، لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی رەوشی ئێستای قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە قەزاکە، گفتوگۆ کرا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی کۆبووەتەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی رەوشی ئێستای قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە قەزاکە، گفتوگۆکراوە.
باس لەوەش کراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، خۆپیشاندانەکانی پارێزگاکانی زیقار، نەجەف و دیوانییە خراوەنەتە بەرباس و لەوبارەیەوە جەخت کراوەتەوە لەسەر فەرمانەکانی مستەفا کازمی کە داوای کردووە، نابێت ھێز لەبەرامبەر خۆپیشاندەران بەکاربھێندرێت و دەبێت گیانی خۆپیشاندەران، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بپارێزرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی فەرمانی بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان کردووە، رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە سەرپێچی فەرمان و رێنماییەکان دەکەن و لێکۆڵینەوەیش لەوبارەیەوە بکرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھەروەھا پلانە ئەمنییەکان بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و پتەوترکردنی ھەوڵە ھەواڵگرییەکان لەو بوارەدا، تاوتوێ کراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.