ڕیکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێم هەماهەنگی بەردەوامی لەگەڵ یۆنامی هەیە لە پرسەکانی پەیوەست بە ئازادی ڕادەربڕین و میدیا و بەرجەستەی بەها دیموکراتییە گرنگەکان دەکات لە حووکمڕانیدا.
لە ڕاگەیانراوێکی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هاتووە " نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) و نووسینگەی کۆمیسیاریی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان (OHCHR) ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە دۆخی ئازادی ڕادەربڕین و دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، کە لە پاشبەندەکەیدا ڕوونکردنەوەی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی پێوە هاوپێچە."
هەروەها ئەوەش هاتووە " دامودەزگاکانی پەیوەندیدار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ یونامی و نووسینگەی کۆمیسیاریی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ئازادی میدیا و هەروەها بابەتی فراوانتری وەک یاسادانان، ڕاپۆرتەکەی یونامی دەبووایە ڕەنگدانەوەیەکی وردتری ڕەوشی هەرێم و ڕەهەندە یاساییەکانی لە خۆگرتبایە."
ئەوەشی خستۆتەڕوو کە "حکوومەتی هەرێم پابەندە بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەو شوێنانەی کە پێویستن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگێشتی یۆنامی و نووسینگەی کۆمیسیاریی باڵا و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی کردووە بۆ پەرەپێدانی زیاتری دامەزراوەیی لە دامودەزگاکان، هەروەها حکوومەت ڕاوێژی لەگەڵ ڕێکخراوە داکۆکیکارەکان کردووە بۆ ئەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئازادی و مافەکانی میدیا چارەسەر بکرێن، هاوکات هاوتا نێودەوڵەتییەکان و نێردە بیانییەکان لەسەر هێڵن بۆ ڕاهێنانی دادوەری."
لە ڕاگەیانراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە پێشنیارەکانی ڕاپۆرتەکەی یۆنامی بە هەند وەردەگیرێن، لەگەڵ هاوەڵ و هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ ئەوەی بە گوێرەی پێویست بەرجەستەیان بکەین.
ئەوەش دەخاتەڕوو " یونامی سەردانی یەکە چاکسازییەکانی کردووە و تەنها لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، چواردە جار سەردانی ئەم یەکانەیان کردووە و چاویان بە 60 ڕاگیراو کەوتووە. جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرجەستەی بەها دیموکراتییە گرنگەکان دەکات لە حووکمڕانیدا و بەشێکی ڕاپۆرتەکە باس لە ئازادی ڕادەربڕین دەکات، لە کاتێکدا کە هەندێک ڕووداو هەبوونە کە بەرەو توندوتیژی، تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت، و ئاژاوە پەلکیان کێشاوە."
هەروەها ڕایگەیاندووە کە "بەشێک لە سەرنجەکانی یونامی و نووسینگەی کۆمیسیار لە کاروباری یاسایی چڕدەبنەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە دادگەکان سەربەخۆن، و دامودەزگا جێبەجێکارەکان تەنیا بڕیارەکانی دادگە جێبەجێدەکەن."
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوەش دەکات کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یونامی و نووسینگەی کۆمیسیار لەسەر ئازادی میدیا - هەم لەسەر سیاسەتی فراوانتر و هەم شەفافیەتی یاسایی ئەو کەیسانەی لە ڕاپۆرتەکە باسکراون – لە هەماهەنگیدا دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.