به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌روه‌رده‌ی پارێزگای سلێمانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌و چه‌كدارانه‌ی هێرشیان كردبووه سه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك له پارێزگاكه خسته‌ڕوو.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه له ڕوونكردنهوهكهدا ده‌ڵێت: دوێنێ حاڵەتێکی نەخوازراو لە یەکێک لە قوتابخانەکان ڕووی دا، بۆ بەرچاوڕوونی و دڵنیاکردنەوەی قوتابییان و خوێندکاران و کەسوکاریان وردەکاری ئەو حاڵەتە بەیان دەکەین بۆ ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی کە ئەو دیمەنە نەخوازراوەیان بینیوە.
ده‌شڵێت: ئەو قوتابخانەیەی ئەو حاڵەتەی تێدا ڕوویداوە سەر بە حکوومەتی ناوەندە و قوتابخانەیەکی ناحکومییە لە ڕووی دارایی و یاسایی و کارگێڕییەوە هیچ پەیوەندییەکی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە بە ناوی قوتابخانەکانی ئهلعالهمییه ئه‌لموته‌حیده (مدارس العالمية المتحدة).
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: کێشەی دوو قوتابی لەو قوتابخانەیە ھەبووە، کارگێڕی قوتابخانەکەش کەسوکاریانی بانگ کردووه، یەکێک لە قوتابییه‌كان دایکی لەگەڵیدا ھاتووە و گوتوویەتی چاوەڕێم براکەم بێت، بەداخەوە کاتێک براکانی ھاتوون ئەم حاڵەتە چەکدارانە بووە و ئەو دیمەنە ناشایستە و ناپەروەردەییانە ڕووی دا.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات: ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئیدانەی ئەم کارە دەکەین و ھەموو ھاوکارییەک پێشكه‌ش دەکەین بۆ بە سزادانی ئەوانەی کە دەستدرێژیان کردۆتە سەر ئەو ناوەندەی خوێندن و ھیوادارین ھەموو دامودەزگاکان بە تایبەت فەرماندە سەربازییەکان ڕێ لەم دیاردانە بگرن و چەک بۆ بەرگریکردن لە خاک و ئەمن و ئاسایشە نەک بۆ تۆڵەکردنەوەی کەسی.
ڕاشیگه‌یاند كه ئێستا یاسای وەزارەتی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان لە ھەموارکردنەوەدایە، بۆیه داواکارین لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەم جۆرە دیاردانە یاسای تایبەت دەر بکات بۆ پاراستنی ماف و گیانی مامۆستایان و قوتابییان و خوێندکاران و هه‌روه‌ها پیرۆزی ناوەندەکانی خوێندن ھەر کەسێک و ھەر لایەنێک لە چ ئاستێک‌دا بێت نابێت بەو شێوەیە ھەڵسوکەوت بکات و سزای دادپەروەرانە دابنرێت بۆ ئەو کەسانەی لەو شێوەیەن.
داواشی له دامودەزگاکان كرد بە کاری خۆیان هەستن له دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە تا بە سزای خۆیان بگەن.
له كۆتاییدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی دڵنیایی مامۆستایان و کارمەندان و قوتابییانی كرده‌وه كه ئه‌وان ھەمیشە بەرگری له‌وان ده‌كه‌ن و پشت و پەنایان دەبن و ڕێگە نادەن ھیچ کەسێک دەستدرێژیی لەو جۆرە بکاتە سەر ناوەندەکانی خوێندن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.