Erbil 38°C یەکشەممە 15 شوبات 13:00

ھێزە ئەمنییەکانی عێراق رێوشوێنی توندیان لە ناوەڕاستی شاری بەغدا گرتووەتەبەر

کوردستان TV
100%

ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ھاتنەئاراوەی ھەر رووداوێکی لەناوکاو، رێوشوێنی توندیان لە ناوەڕاستی شاری بەغدا گرتنەبەر.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغدا بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە شەوی رابردوو ھێزە ئەمنییەکان، رێوشوێنی توندیان لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا گرتووەتەبەر.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەیشداوە کە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ھاتنەئاراوەی ھەر رووداوێکی لەناوکاو رێوشوێنی توندیان لە ناوچەی سەوز گرتووەتەبەر.

ئەم پێشھاتەنەیش دوای ئەوە دێت کە دەیان کەس لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی سەوز خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، ئەوەیش دوای ئەوەی دەنگۆی لابردنی وێنەی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس لە گۆڕەپانی فیردەوس لە ناوچەی سەوز بڵاوکرابوویەوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە کە ھیچ فەرمانێک بە ھێزە ئەمنییەکان نەدراوە، لەوەی وێنەی ئەبو موھەندیش لە گۆڕەپانی فیردەوس لاببەن.

لە سێی کانوونی دووەمی 2020دا لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.

لە حەوتی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 ، دادوەری راسپێردراوی عێراقی بۆ بەدواداچوون لە دۆسیەی کوژرانی ئەبو موھەندس و قاسم سولەیمانی رایگەیاندبوو کە لەسەر بنەمای ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەرکراوە.

لە دوای کوژرانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەتایبەتیش بنکە سەربازییەکان بە ئاراستەکردنی مووشەک و فڕۆکەکەی بێفڕۆکەوانی دەکرێنە ئامانج و واشنتۆن گرووپە چەکدارەکانی شیعە نزیک لە ئێران، بە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە تۆمەتبار دەکات.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.