Erbil 38°C یەکشەممە 15 شوبات 13:00

عامری: مانەوەی یەک سەربازی ئەمریکا لە عێراق قبوڵ ناکەین

کوردستان TV
100%

هادی عامری،سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، مانەوەی هەر هێزێکی ئەمریکای بەمەبەستی مەشقپێکردن و راهێنان و راوێژکاریی لە عێراق لەدوای کۆتایی ئەمساڵەوە رەتکردەوە.

هادی عامری لە میانی بەشدارییکردنی لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی قوربانیانی رزگارکردنی زڵوعییە لە پارێزگای دیالە، گوتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کە هاوپەیمانییەکەی چەتری سیاسی گرووپە چەکدارەکانی شیعەیە لە عێراق، گوتیشی: "ماوەیەکی زۆرە ئاراممان گرتووە لەسەر دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق و دوای ئەو هەموو بێنە و بەردەیە رازیی بووین کە کۆتایی ئەمساڵ دوا وادەی دەرچوونی هەموو هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بێت لە خاکی عێراقدا، ئەمە ئامانجێکە سازشی لەسەر ناکەین".

راشیگەیاند: "سەروەری هێڵێکی سوورە کە هەرگیز مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت".

هادی عامری گوتیشی: "پەیامەکەم بۆ هێزەکانی ئەمریکا و حکوومەتی عێراق روونە" و رایگەیاند "پێویستە ئەوەی لەسەری رێکەوتوون زۆر بەڕوونی جێبەجێی بکەن، ئێمە هیچ دەستکاریی، ساختەکاریی، پێچ و پەنا و گۆڕانکاریی رۆڵەکان قبوڵ ناکەین، ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا دەیانەوێت لە عێراقدا بمێننەوە دەبێت بەرپرسیارییەتی ئەو بڕیارە هەڵەیە هەڵبگرن".

سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکاوە، گوتیشی: "ئێمە قبوڵ ناکەین سەروەری عێراق کەم بکرێتەوە، تەنانەت مانەوەی سەربازێک قبوڵ ناکەین نە لە بنکەی عەین ئەسەد (بنکەی ئاسمانیی لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای وڵات) و نە لە حەریر (بنکەی ئاسمانیی لە پارێزگای هەولێر باکووری وڵات) نە بۆ مەشق پێکردن و نە بۆ راوێژکاریی".

هادی عامری راشیگەیاند "ئەگەر حکوومەتی عێراق پێویستی بە راهێنەر و راوێژکار هەبێت، ئەوا دەبێت گرێبەستێک دابڕێژێت کە تیایدا شوێن و ژمارە و ئەرکەکانیان دیاریی بکات".

رۆژی شەممەی رابردوو، هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە لە بنکەی عەین ئەسەد بوون لە پارێزگای ئەنبار پێگە و چەکەکانیان رادەستی سوپای عێراق کرد.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.