Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 18:52

زیاتر له‌ 250 ملیۆن تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونه‌ته‌وه‌

کوردستان TV
100%

ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی کە له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا دوای تووشبوونیان به په‌تای‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (Covid-19) چاكبوونه‌ته‌وه، 250 ملیۆن كه‌سی تێپه‌ڕاند.

بەپێی ئه‌و زانیارییانه‌ى کە له‌ ماڵپەرى "Worldometer"دا بڵاوكراونه‌ته‌وه كه‌ به‌ پشت به‌ ئاماره‌ نوێیەكانى تووشبوون بە په‌تای ڤایرۆسى كۆرۆنای نوێ ده‌به‌ستێت لە جیهاندا، 250 ملیۆن و 66 هه‌زار و 164 كه‌س توانیوویانه‌ به‌سه‌ر نه‌خۆشیه‌كه‌دا سه‌ربكه‌ون.

ئه‌و سێ وڵاته‌ی زۆرترین حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌ كۆرۆنایان تیادا تۆمار كراوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ زۆرترین ژمارەی چاكبوونه‌وه‌ له‌و وڵاتانه‌دا تۆمار كراوه‌.

به‌ چاكبوونه‌وه‌ی 41 ملیۆن و 184 هه‌زار و 618 تووشبوو، ئه‌مریكا له‌ پلەی یه‌كه‌مدا دێت و به‌ دوای ئه‌ویشدا به‌ چاكبوونه‌وه‌ی 34 ملیۆن و 230 هه‌زار و 354 كه‌س هیندستان و به‌ چاكبوونه‌وه‌ی 21 ملیۆن و 414 هه‌زار 318 كه‌س به‌ڕازیل ریزبه‌ندی دووه‌م و سێیه‌میان گرتووه‌.

هه‌روه‌ها تا ئێستا، زیاتر له‌‌ هه‌شت ملیۆن و 922 هه‌زار تووشبوو له‌ توركیا چاكبوونه‌ته‌وه‌.

ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كه‌ له‌ كانوونی یه‌كه‌می 2019 له‌ شاری وهان له‌ چین سه‌ری هه‌ڵدا له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا، به‌ زیاتر له‌ 200 وڵات و هه‌رێمدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و بووه‌‌ په‌تایه‌كی جیهانگیر.

له‌ كاتێكدا له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌ په‌تاكه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 279 ملیۆن و 845 هه‌زار و 65 حاڵه‌ت، كۆی گشتیی ئه‌وانه‌ی به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ پێنج ملیۆن و 413 هه‌زار و 417 كه‌س.

هه‌روه‌ها هێشتا زیاتر له‌ 24 ملیۆن و 366 هه‌زار تووشبوو چاره‌سه‌ری پزیشكیی وه‌رده‌گرن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.