Erbil 38°C ھەینی 12 حوزەیران 23:18

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان 2 مووچەیی ڕاگرتووە

کوردستان TV
100%

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە ھەرێمی کوردستان له‌ باره‌ی وورده‌كاری جێ به‌جێ كردنی یاسای چاكسازییه‌وه‌ رایده‌گه‌ێنێت:  ھەنگاوی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی نراوە و بەشی زۆری یاساکە جێبەجێ کراوە و حکوومەتیش ڕژدە لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی.
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە ھەرێمی کوردستان رایده‌گه‌ێنێت: بەدواداچوونمان بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کردووە، لەگەڵ وەزارەتی داراییش گفتوگۆمان کردووە، چونکە ئەوان زیاتر ئەرکی جێبەجێکردنەکەیان لەسەرە، بۆیە بەپێی بەداواداچوونی ئێمە، ئەوان کاری زۆر باشیان کردووە و ھەنگاوی باشیان ناوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و لە ھەموو بوارەکاندا کار کراوە و بڕیارە لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکانیش گفتوگۆ بکەین و بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی زیاتر پەلە لە جێبەجێکردنی یاساکە بکرێت.
ئەحمەد ئەنوەر راشیده‌گه‌ێنێت، لە بواری میلاکات و بودجە و پلەبەرزکردنەوەدا بەشێکی باشی کارەکان تەواو کراوە، گوتی: کاری باش بۆ پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و ئەوانەی پلەی زیاتریان وەرگرتووە کراوە، ئەنجوومەن بۆ سندووقی خانەشینیی پێکهاتووە، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکانیش کاری باشی لەسەر کراوە، کاری پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران تەواو بووە و ئەوەی کێشەی نییە ئەوە وەکوو خۆی دەمێنێت و ئەوانەی دیکەش کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت.
ده‌شڵێت: لەگەڵ وەزارەتەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی و پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەوانەی پەیوەندیدارن کۆ دەبینەوە، بۆ ئەوەی بزانین چی کراوە و ئاستەنگەکان چین و ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل ئامادە دەکەین و پێشکەشی لیژنەی باڵای چاکسازی و پەرلەمانی دەکەین.
حاکم ئەحمەد ئەنوەر ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی دارایییەوە دوو مووچەیی ڕاگرتووە و تەنیا یەک مووچە ماوە و نابێت دوو مووچەیی ھەبێت و ئەوەی بەردەوامیش بێت، مووچەکەی لێ وەردەگیرێتەوە.

هه‌روه‌ها رایده‌گه‌ێنێت، ئەنجوومەنی وەزیران سێ مانگ جارێک ڕاپۆرتێک لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بۆ پەرلەمان ڕەوانە دەکات.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەشڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر رژدە لەسەر چاکسازی و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش باسی لەوە کردووە، کە ھیچ ڕێگای دیکەیان لەبەردەمدا نییە، جگە لەوەی چاکسازی بکەن، چونکە بەبێ ئەنجامدانی چاکسازی، ناتواندرێت گۆڕانکاری بکرێت و خزمەتی ھاووڵاتییان بکرێت.
ئەحمەد ئەنوەر جەختیشی كردووه‌ته‌وه‌، ئەم كابینەیەی حكوومەت كابینەی چاكسازییە، چونكە لەگەڵ دەستپێكردنی كابینەكە، كارنامەكە و هێڵە گشتییەكانی حکوومەت لەسەر بنەمای چاكسازی بوو، كاتێك حكوومەت چاكسازی بكات، ئەوا زەمینەسازییەكی باشتر بۆ كاری دەزگا چاودێرییەكان بۆ ئێمە و دیوانی چاودێری دارایی دروست دەبێت، تاوەکوو باشتر کاری چاودێریی خۆمان بکەین

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.