Erbil 38°C ھەینی 12 حوزەیران 21:28

نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

کوردستان TV
100%

 

نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات بابەتی گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو 16 کۆچبەرە کوردەی کە لە نۆکەندی ئینگلیزدا خنکابوون بۆ هیچ مەرامێک بەکار نەهێنرێن.

نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە هێنانەوەی تەرمی قوربانییانی نۆکەندی ئینگلیز بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە " سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 26/12/2021 تەرمی 16 قوربانیی ڕووداوەکەی نۆکەندی ئینگلیز لە ڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کران و هەر لە ڕۆژی یەکەمی ڕووداوەکە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا لەگەڵ لایەنی فەرمی لە حکوومەتی فەرەنسا کەوتە پەیوەندی و بەدواداچوون بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە بێسەروشوێن بوون.

ئەوەشی خستۆتەڕوو کە " دوای دۆزینەوەی ژمارەیەک لە تەرمەکان، بەداخەوە دەرکەوت کە 16 لە قوربانيیانەکان هاونیشتیمانی هەرێمی کوردستانن، بۆیە لایەنی پەیوەندیدار لە حکوومەتی فەڕەنسا داوای بەڵگەنامە و پەنجەمۆری ئەو قوربانییانەی لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا کرد."

ئەوەش هاتووە کە " بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم بە نووسراوێکی فەرمی لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پەنجەمۆری ئەو قوربانییانەی بۆ ناردین و ئێمەش ڕادەستی تیمی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە  و پزیشکی دادییمان کرد، بەردەستبوونی پەنجەمۆرەکان ئاسانکاری تەواوی کرد بۆ ناسینەوەی ناسنامەی قوربانییەکان، دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان ڕۆژی چوارشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2021 لە نەخۆشخانەی شاری لیل بەڵگەنامە فەرمییەکانی هەر 16 تەرمەکە ڕادەستی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا کرا و بە سوپاسەوە باڵیۆزخانەی عیراقی فیدڕاڵ لە پاریس هاوکار بوون لە پەسەندکردن (تەسدیق)کردنی دۆکیومێنتەکان.

لە ڕاگەیانراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو " دوای ئەو ڕێکارانە لەسەر ڕاسپاردە و ئەرکی نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆسەی گەڕاندنەوەی تەرمەکان لە ڕێگەی بەشی کارگۆی هێڵی ئاسمانی تورکی ئەنجام درا و لە بەرەبەیانی رۆژی 26ـی کانوونی یەکەم تەرمی قوربانییەکان  گەیشتنەوە فرۆکەخانەی هەولێر، دوای واژووکردنی دۆکیومێنتی گەیشتن و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان لە فڕۆکەخانە لەلایەن نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر 16 تەرمەکە لە کارگۆی فڕۆکەخانەی هەولێر ڕادەستی کەسوکاریان کرانەوە و لە ڕێگەی ئامبوڵانسەکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێم تا دوا مەنزڵگایان بەڕێکران.

هەروەها ڕای دەگەیەنێت: نوێنەرایەتییەکە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی گشت ئەو لایەن و ڕێکخراو و دەزگا و کەسانە دەکات کە خەمخۆرانە لە هەوڵی ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەم قوربانیانەدا بوون، ئەرک و ماندووبوونیان بەرز دەنرخێین، بەڵام هاوکات داواکارین ڕۆحی ئەم قوربانییانە نەکرێتە بابەتی موزایەدە و بە حزبیکردن و هیچ مەرامێکی دیکە.

نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات کە جارێکی دیکە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی ئەو ڕووداوە دەکەین و هیوادارین چیدیکە نەبینە شاهیدی ڕووداوی هاوشێوە و داواش لە هاونیشتمانیان بەتایبەتی گەنجەکانمان دەکەین کە چیدی فریوی قاچاخچییەکان نەخۆن و ئەو ڕێگە نایاسایی و پڕ مەترسییانە نەگرنەبەر بەمەبەستی کۆچ.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.