یانەی ئارسناڵ ئۆفەرێكی نوێی پێشكەشی ئەلیكساندەر لاكازیتی هێرشبەرە فەڕەنسیەكەی كردووە بۆ درێژكردنەوەی گرێبەستی لەگەڵ یانەكەدا، بەڵام هێرشبەرەكە بەم ئۆفەرە ڕازی نیە.
لەمبارەوە ڕۆژنامەی لیكیپی فەڕەنسی بڵاوی كردەوە كە ئیدارەی ئارسناڵ ئۆفەرێكی خستۆتە بەردەم لاكازیت بۆ درێژكردنەوەی گرێبەستی بۆ ماوەی دوازدە مانگ، لەبەرامبەریشدا، یاریزانەكە ئۆفەرەكەی ڕەتكردۆتەوەو داوا دەكات ماوەی درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی زیاتر بێت.
هەمان ڕۆژنامە ڕوونیشیكردەوە كە ئەگەر گفتوگۆكانی لاكازیت لەگەڵ بەرپرسانی ئارسناڵ سەری نەگرت، ئەوا بیر لە جێهێشتنی یانە لەندەنیەكە دەكاتەوەو بە دوای یانەیەكی دیكە دەگەڕێت تا پەیوەندی بە ڕیزەكانیەوە بكات.
گرێبەستی ئێستای یاریزانەكەش لە كۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ گانارز تەواودەبێت و لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی گرێبەست لەگەڵ تیپێكی دیكەدا واژووبكات، لاكازیتی تەمەن سیی ساڵ لە هاوینی ساڵی دووهەزاروحەڤدە لە یانەی لیۆنەوە پەیوەندی بە ئارسناڵ كردو لەم وەرزەدا لە كۆی حەڤدە یاری بە درێسی تیپی تۆپچیەكان لە سەرجەم پێشبڕكێكان، پێنج گۆڵی تۆماركردووەو چوار پاسی یەكلایی كەرەوەشی بە هاوكارانی داوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.