ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی کارەساتی لافاو کە بەهۆی بارانی بەلێزمەوە لە ویلایەتی باهیا باکووری خۆرهەڵاتی بەڕازیل گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەوە بۆ 21 کەس و ژمارەی ئەو شارانەی باری لەناکاویان تیادا راگەیەندراوە بەرزبووەتەوە بۆ 136 شار.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن چاودێری بەرگریی شارستانی و پاراستنی ویلایەتی باهیاوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە بەهۆی ئەو بارانەی لە مانگی تشرینی دووەمەوە تا ئێستا لە ناوچەکە بەردەوامە، ژمارەی ئەو سانەی بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 21 کەس.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە 34 هەزار و 163 کەس ماڵەکانیان لەدەستداوە، 471 هەزار و 786 کەسیش گواستراونەتەوە بۆ ناوچەی ئارام و 42 هەزار و 929 کەس کاریگەریان لەسەر دروستبووە.
لە ویلایەتی باهیا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی 15 ملیۆنی تێپەڕاندووە، بەهۆی بارانی وەرزیی و لافاوەوە باری لەناکاو لە 136 شار راگەیەندراوە.
فەرمانڕەوای ویلایەتی باهیا، روی کۆستا رایگەیاند کە کارەساتی سروشتیی و پەتای کۆرۆنا لە یەک کاتدا کاریگەریان لەسەر ویلایەتەکە دروست کردووە و لە هەندێک شاری باشووری ویلایەتەکە هەموو دەرمان و ڤاکسینەکان بەهۆی لافاوەوە خراپ بوون و بەکەڵکی بەکارهێنان نایەن.
لە ویلایەتی باهیا باکووری خۆرهەڵاتی بەڕازیل لە هەفتەی رابردووەوە بەهۆی بارانی وەرزییەوە کارەساتی لافاو روو دەدات و 37 شار بەتەواوی کەوتوونەتە ژێرئاوەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.